لۆف: تیپەکانی بۆندێسلیگا سەرسامیان کردم

01-06-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یواخیم لۆف بوندێسلیگا
A+ A-

رووداو - هەولێر

یواخیم لۆفی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا باسی لە ئاستی بەرزی یارییەکانی بۆندێسلیگا کرد پاش ئەوەی لەدوای راوەستان بۆ ماوەیەک بەهۆی کۆرۆناوە، جارێکی دیکە رکابەرییەکانی دەستیپێکردەوە.

نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بووە هۆی پەکخستنی سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی ئەڵمانیا و لەنێویدا یارییەکانی تۆپی پێ، بەڵام 16ی مانگی رابردوو جارێکی دیکە رکابەرییەکانی خولەکە لە نێو چەند رێوشوێنێکی تەندروستی و بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر دەستیان پێکردەوە.

لە ئەڵمانیا یارییەکانی ئێستای بۆندێسلیگا بە یاری خێوەکان ناودەبرێت، ئەمەش لەبەرئەوەی یاریگەکان چۆڵن و هاندەران رێگەیان پێنادرێت ئامادەی یارییەکان ببن.

لۆف قسەی لەسەر دۆخی ئێستای تۆپی پێی وڵاتەکەی کردووە و دەڵێ ئەمە شێوازێکی جیاوازی تۆپی پێیە، بێگومان من تەماشای یارییەکان دەکەم و دەبێ هەمووان خۆیان لەگەڵ ئەم شێوازەی تەماشاکردنی یارییەکاندا بگونجێنن کە بەبێ ریاکشن و کاردانەوەی جەماوەرە.

راهێنەری مانشافت هەروەها دەڵێ: زۆر یاریم بینی، سەرسامم بە ئاستی بەرز و جۆشوخرۆشی یاریزانان لە کاتی یارییەکاندا، شێوازی پەیوەندی و رێزگرتنی رێنوێنییەکانیش لەلایەن هەمووانەوە بۆ من جێگەی رێزە.

لۆف زیاتر دەڵێ: شێوازی یاریکردنەکان باشن، گۆڕانکاری زۆر بەسەر توانای جەستەیی یاریزاناندا نەهاتووە و ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە.

خولی ئەڵمانیا یەکەم خولی نێو پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا بوو کە یارییەکانی دەستپێکردەوە و بڕیارە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە، خولەکانی ئیسپانیا، ئیتاڵیا و ئینگلتەراش دەستپێبکەنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە