یانەی هەولێر ئەرکی قورسە
رووداو هەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە لە گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 18:00 یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی شەعبی بەغدا یاری لەگەڵ یانەی زەورا دەکات.
یانەی هەولێر لە پێنج یاریی رابردوویدا نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبێنێت، تیپەکە لەنێو گێژاوی ئەنجامە خراپەکان و نیگەرانی هاندەرانیدایە و سێ مانگیشە بەرپرسانی یانەکە نەیانتوانیوە مووچەی یاریزانانیان بدەن، ئەم دۆخە وایکردووە لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێک لە یاریزانانی یانەکە ئامادەی راهێنانەکانی تیپەکە نەبن.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی حەیدەر عەبدولئەمیری راهێنەری یانەی هەولێر، بڕیاربوو قەحتان جسیر ببێتە راهێنەر، لەگەڵ ئەوەی راهێنەری نوێ هاتە شاری هەولێر، بەڵام ئامادەنەبوو لەنێو ئەو هەموو کێشەیەدا گرێبەست لەگەڵ درێس زەردەکان واژۆبکات، ئەمە وایکرد عەبدولقادر حوسێن سەرکردایەتی یانەی هەولێر وەربگرێتەوە.
عەبدولقادر حوسێن، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "یانەکەمان لەنێو قەیرانێکی قورسی دارایدایە و هەستم بە بەرسیارێتی کرد لە ئاست شارەکەم و داواکەی دەستەی کارگێڕیم قبوڵکرد، چونکە ناکرێت لەم دۆخەدا تیپەکە جێبهێڵم".
ئەو سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی زەورا، گوتی "یارییەکە ئاسان نییە، بەتایبەت کە بەشێک لە یاریزانەکانمان بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان نەهاتوون بۆ راهێنانەکان، هیوام وایە یاریزانەکانمان هێمن بن و لە رۆژی خۆیاندا بن لەم یارییەدا".
یانەی زەورا دوای دەستبەکاربوونی عیسام حەمەدی راهێنەر ئاستێکی بەرزی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکەشکردووە. نەوارسەکانی بەغدا پێنج یاری رابردوویان بردووەتەوە و ململانێیەکی بەهێز دەکەن.
یانەی هەولێر 23 خاڵی هەیە و لە پلەی شازدەی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، یانەی زەورا 43 خاڵی هەیە لە پلەی چوارەمی ریزبەندییە.
هەر ئەمڕۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن:
تەڵەبە - نەفت
نەورۆز - نەفتی بەسرە
حدوود - نەفتی وەسەت
ئەمانە بەغدا - دهۆک