ڤیدیۆ؛ ماڵکوم بەهەمان رەفتاری رۆناڵدۆ، سعودییەکان تووڕە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

هێرشبەرە بەرازیلییەکەی یانەی هیلالی سعودی، مالکۆم دی ئۆلیڤیرا، وەک کرسیتیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی نەسڕ، سعودییەکانی تووڕەکرد، دوای ئەوەی وەک کریس جوڵەیەکی ناشیرینی بەرامبەر هاندەرانی یانەی ئیتیحاد کرد.
 
لە یاریی پێشکۆتایی جامی شای سعودیە، لەنێوان هیلال و ئیتیحاددا، مالکۆم جوڵەیەکی نەشیاوی بەرامبەر هاندەرانی یانەی ئیتیحاد کرد، کاتێک خۆی و هاوڕێکانی ئاهەنگی گۆڵی دووەمیان بەرامبەر هاندەرانی ئیتیحاد کرد.
 
دوای ئەوەی سعود عەبدولحەمید گۆڵی دووەمی یەکلاکەرەوەی بۆ یانەی هیلال تۆمارکرد، ئەو و هاوڕێکانی بۆ ئاهەنگگێڕان چوونە بەرامبەر هاندەرانی ئیتیحاد، پێش ئەوەی ژمارەیەک هاندەرانی یانەی ئیتیحاد چەند شتێکیان تێبگرن، بەڵام مالکۆمی بەرازیلی وەڵامی ئەو شتەی بە جوڵەیەکی نەشیاو دایەوە، وەک ئەو جوڵەیەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی لە یارییەکەی یانەکەی نەسڕ بەرامبەر یانەی شەباب لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوودا کردی.
 
کاردانەوەکان لەلایەن سعودییەکانەوە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە زۆر تووندبوون، بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشبەرە بەرازیلییەکە بەهۆی ئەو رەفتارە ناشیرینەی، کە لەلایەن زۆریانەوە بە "رەفتارێکی نائەخلاقی" ناوبراوە.
 
ئەم رەفتارەی مالکۆم شەپۆلێکی تووڕەیی لێکەوتەوە، و زۆربەی خەڵکی داوایان دەکرد هەمان سزای کریستیانۆ رۆناڵدۆ بدرێت، کە دوای یارییەکەی نەسڕ و شەباب بەسەر کریستیانۆ رۆناڵدۆدا سەپێندرا.
 
لیژنەی دیسپلینی فیدراسیۆنی سعودیە دوای ئەو رووداوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی بۆ یەک یاری راگرت و بڕی 30 هەزار ریاڵی سعودیشی پێبژارد، کە دەکاتە 8 هەزار دۆلار.
 
مالکۆم بەشداری کرد لە بردنەوەی هیلال لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای سعودیە بە ئەنجامی 2-1 و لە یاریی کۆتایی جامی شادا، بەرامبەر براوەی یاریی نەسڕ و خەلیج یاری دەکات، کە ئەمشەو کاژێر 21:00 بەڕێوەدەچێت.