ڤیدیۆ؛ ئێرلینگ هالاند لە یاریگەوە بۆ بەرەکانی شەڕ

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی بەنێوبانگی هەڵبژاردەی نەرویج و یانەی مانچێستەر سیتی، دەبێتە کارەکتەری سەرەکی یەکێک لە یارییە بەنێوبانگەکانی کلاش ئۆف کلانس.
 
کلاش ئۆف کلانس، یەکێکە لەو یارییە بەنێوبانگەکانی جیهان، کە ژمارەیەکی زۆری هەواداری هەیە و بە ئامێرە زیرەکەکان ئەنجامدەدرێت، یارییەکە پەردەی لەسەر کارەکتەرێکی نوێی یارییەکەدا هەڵدایەوە کە بۆ هەمووان جێگەی سەرنجێکی زۆر بوو، ئەو کارەکتەرەش، ئێرلینگ هالاند، ئەستێرە و گۆڵکاری یانەی مانچێستەر سیتییە.
 
هالاند ڤیدیۆیەکی تایبەتی یارییەکەی لەسەر ئەکاونتی فەرمی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەردەکەوێت کە هالاند لە ژوورێکدا بەتەنیا دانیشتووە، کارەکتەرەکانی یارییەکە دەچنە ژووری ئەو هێرشبەرە نەرویجییە و دەیانەوێت هێرشبکەنە سەر هالاند، یاریزانەکە رادەکات و لێیان رزگاردەبێت، دوای ئەوە دەبێتە کارەکتەرێکی سەرنجڕاکێشی یارییەکە.
 
ئێرلینگ هالاند، ماوەیەکی زۆرە هاندەری یارییەکە و دەڵێت "بوون بە کارەکتەری یارییەکە، بەڕاستی شتێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە."
 
هالاند لە ئینستاگرام نووسیوویەتی " لە یاریگەوە بۆ بەرەکانی شەڕ، من بەربەری نوێم لە یاریی کلاش ئۆف کلانس."
 
لەمەودوا ئەوانەی ئەو یارییە دەکەن، دەتوانن سوود لە ئێرلینگ هالاند وەبگرن و وەکو یەکێک لە پاڵەوانەکانی یارییەکە بەکاری بهێنن.
 
کلاش ئۆف کلانس، لە ساڵی 2012 (Supercell) بەرهەمهێنراوە، کە خاوەنی چەند یارییەکی دیکەی بەنێوبانگە وەکو Hay Day و Brawl Stars و لەسەر ئاستی جیهان هەوادارێکی زۆری هەیە.