تۆخێل: دەمانتوانی گۆڵی سێیەم بەرامبەر ریال مەدرید تۆماربکەین
رووداو دیجیتاڵ
تۆماس تۆخێل، راهێنەری یانەی بایرن میونشن، نیگەرانی خۆی بەرامبەر یەکسانبوونیان لەگەڵ یانەی ریال مەدرید پێشاندا، بەڵام دەڵێت "دەتوانین لە بێرنابیۆ یارییەکی باش بکەین."
راهێنەری یانەی بایرن میونشن لە دوای یەکسانبوونیان لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک بە رۆژنامەڤانانی گوت " لە 10 بۆ 15 خولەکی سەرەتای یارییەکەدا بەباشی دەستمانپێکرد، پێویستبوو لە رووی ئەنجامەوە پێشبکەوین، بەڵام دوای ئەوە نەمانتوانی درێژە بە پابەندبوونمان بە پلانەکە بدەین و خاو بووینەوە، بۆیە هەستمان بە سەلامەتی نەکرد و نازانم بۆچی؟.
تۆخێل لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "دوای ئەوەی گۆڵی یەکەممان لێکرا، گەڕاندنەوەی بارودۆخەکە زەحمەتبوو، خاوبووینەوە و لەنیوەی یەکەمدا جەنجاڵییەکی زۆر دروستبوو، خاوبووینەوە لە یارییکردن و نەمانتوانی بە ئاسانی بگەینە ناوچەی سزا."
راهێنەری یانە باڤارییەکە بەردەوامبوو لە قسەکردن و گوتی "لەنیوەی دووەمدا باشتربووین، چەند شوێنێکمان رێکخست و توانیمان پێشبکەوین، هەلی ئەوەمان هەبوو گۆڵی سێیەم بکەین و دەکرا بیکەین."
تۆماس تۆخێل دەڵێت "ئەوەی ریال مەدرید کردی، جاری یەکەمی نییە دەیکات، لە دوو هەلدا دوو گۆڵی تۆمارکرد، ئێستا ئامانجەکە روونە، دەمانەوێت لە مەدرید سەرکەوتن بەدەستبهێنین بۆ گەیشتن بە وێمبڵی."
راهێنەری بایرن میونشن زیاتر گوتی "یارییەکە 4 نیوەیە، ئێمە یەکەممان دۆڕاند و دووەممان بردەوە، لە یەکەمدا باش نەبووین و لە دووەمدا باشبووین، ئێمە چوار نیوەمان بەرامبەر ریال مەدرید هەیە، لەوانەیە لە نیو کاژێردا ئازار بچێژیت، دەزانن جی روویدا و پێموایە هێشتا هەلی سەرکەوتن بۆ هەردوو تیپ 50 بە 50 دەبێت."
تۆماس لەبارەی یاریی گەڕانەوە دەڵێت "پێموایە هەلی ئەوەمان هەیە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەوین و هەل دروستبکەین."
بایرن میونشن یاریی چوونی لە یاریگەی خۆیدا ئەنجامدا و 2-2 لەگەڵ ریال مەدرید یەکسانبوو، یاریی گەڕانەوە رۆژی چوارشەممە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت.