پەیامی ئەنچێلۆتی دوای یەکسانبوونیان بەرامبەر بایرن میونشن

 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەڵێت "بەرامبەر بایرن میونشن باشترین ریال مەدریددمان نەبینی، هیوادارین شەوی چوارشەممە ئەوەبکەین."
 
راهێنەری یانەی ریال مەدرید دوای یەکسانبوونیان بەرامبەر یانەی بایرن میونشن لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "ئاستی بایرن میونشن بۆ ئێمە چاوەڕواننەکراو نەبوو، چونکە ئەوان تیپێکیان هەیە لە رووی کوالێتییەوە زۆر نایابە، ژمارەیەکی زۆر یاریزانی هەیە کە ئاستێکی نایاب پێشکێشدەکەن، نموونەی سانێ، کە دەتوانن ئازارت بدەن."
 
کارلۆ زیاتر گوتی "کاتێک گۆڵی دووەممان لێکرا بەشێوەیەکی زۆرباش مامەڵەمان لەگەڵ دۆخەکە کرد، تۆنی کرووس هەلی ئەوەی بۆ رەخسا گۆڵی دووەم تۆماربکات، دوای ئەوە بۆیان دەرکەوت کە هاوسەنگیمان نییە و هەلەکەیان بۆ گۆڵکردن قۆستەوە، دوای ئەوە سەرکەوتوو بووین لە گەڕاندنەوەی ئەنجامی یارییەکە، ئەمەش بە هەوڵەکانمان، بیرۆکە و بەشداری ئەوانەی بەشدارییان لە یارییەکەدا کرد.
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە دەڵێت "ناسنامەیەکی زۆر روونمان نەبوو، ئێمە نەماندەویست بە بارستەی کەم یاری بکەین، بەڵام بەهێواشی و چڕییەکی کەم یارییمان کرد، من ئەوەم پێخۆش نەبوو، چونکە کاتێک بەرگری دەکەیت، پێویستە زۆرباش و شەڕانگێز بیت، وەکو ئەو 180 خولەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی کردمان."
 
لەبارەی گۆڕانکاریکردن بە جود بێلینگهام لە یارییەکەدا، ئەنچێلۆتی بە رۆژنامەڤانانی گوت "بەهۆی ئەوەی هەستی بە ئازار دەکرد گۆڕانکاریی پێکراوە، ئەو باشترین ئاستی خۆی بەدەستدەهێنێتەوە، ئەو لە یارییەکەدا ئەوەی نەکرد، بەڵام زۆر زوو دەگەڕێتەوە و رۆژی چوارشەممە 100٪ ئامادەدەبێت."
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی ستایشی ئاستی تۆنی کرووس دەکات و دەڵێت " کرووس زۆر نایابە، گۆڕانکاریکردن بەو تەنیا بۆ زیادکردنی وزەبوو لە یاریگەدا، ئەو یارییەکی زۆر زۆر باشی ئەنجامدا، بەڵام کەرەستەی دیکەم هەیە و پێویستی بە گۆڕانکارییە."
 
لەبارەی یاریی گەڕانەوەیان لە قۆناخی پێشکۆتایی بەرامبەر بایرن میونشن، کارلیتۆ گوتی "ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بجەنگین، 90 خولەک لەبەردەممان ماوە بۆ گەیشتن بە لەندەن، بێرنابیۆ وەکو هەمیشە باشە، پێموایە ئێمە گەیشتووینەتە ئەم قۆناخە و هەلێکی زۆرمان لەبەردەمە بۆ گەیشتن بە یاری کۆتایی، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین یارییەکە زۆر قورس دەبێت، چونکە بینیمان بەرامبەر تیپێکی گەورە یاریمان کردووە و یارییەکە بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە، بەڵام گومانم نییە هاندەران هاوکاریمان دەکەن."
 
شەوی چوارشەممەی داهاتوو، کاژێر 22:00 یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بایرن میونشن لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجامدەدرێت، براوەی یارییەکە دەگاتە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و بۆرووسیا دۆرتموند رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکات.