نازناوە مێژووییەکە، هەڕەشە لە داهاتووی کریستۆف گالتێ دەکات

01-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پاریس سانجێرمان کریستۆف گالتێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژ لە دوای رۆژ، دۆخی کریستۆف گالتێ لە یانەی پاریس سانجێرمان بەرەو خراپتر دەچێت، گومانی زۆر لەسەر بەردەوامبوونی ئەو راهێنەرە لە پۆستەکەی هەیە. ئەگەری زۆر لە ئارادایە ئەم مانگە، مانگی پێنج، کۆتایی بەبوونی ئەو راهێنەرە لە یانە پاریسییەکە بهێنێت.
 
گالتێی 56 ساڵ، سەرەتای وەرزی ئەمساڵ، مەشقدانی پاریس سانجێرمانی وەرگرت، لە شوێنی ماوریسیۆ پۆچەتینۆ، کە پێشتر ساڵ و نیوێک لە مەشقدانی سانجێرمان بەردەوامبوو و دواتر لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
 
بەپێی گرێبەست، گالتێ لەگەڵ سانجێرمان تاوەکو هاوینی داهاتوو 2024 بەردەوام دەبێت، بەڵام پێناچێ دۆخەکە بەو شێوەیە بگاتە کۆتایی و رۆژ لە دوای رۆژ دەنگۆکان و ئاماژەکان، بەدوورخستنەوەی گالتێ لە پۆستەکەی زیاتر و زیاتر دەبن.
 
گالتێ، کە لەگەڵ لویس کامپۆس، راوێژکاری وەرزشیی پاریس سانجێرماندا دەستبەکاربوو، لە رۆژانێکدا هاتە یانەکە، کە تیپەکە ژمارەیەک گۆڕانکاری زۆری لە دوورخستنەوەی هەندێک یاریزان و هێنانی هەندێکی دیکەدا، لەسەر داوای گالتێ بەڕێکرد. 
 
راهێنەرە فەرەنسییەکە لە سەرەتای کارکردنیدا لەگەڵ سانجێرمان، نازناوی جامی سوپەری فەرەنسای بردەوە، لە خولیشدا بەگوڕوتینێکی زۆرەوە دەستیپێکرد، تەنانەت تیپەکە وەک بەربژێرێکی بەهێزی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ، تەماشا دەکرا.
 
پاریس، لە نیوەی یەکەمی وەرزی ئەمساڵدا و بەر لە پشووی یانەکان بەهۆی دەستپێکردنی مۆندیالی 2022ی قەتەر، تیپێکی تێکنەشکێنراوی بەهێز دەرکەوت، لە نیوەی یەکەمی وەرزدا لە نێوخۆی فەرەنسا و چامپیۆنزلیگیش، دووچاری هیچ شکستێک نەبوو، بەڵام نیوەی دووەمی وەرزی لەگەڵ دەستپێکی ساڵی 2023، دۆخەکە زۆر گۆڕا.
 
سانجێرمان لە قۆناخی شانزەی جامی فەرەنسا لەسەردەستی ئۆڵەمپیک مارسیلیا کرایە دەرەوە، پاشان بایرن میونشنی ئەڵمانی ئەو یانەیەی لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ کردە دەرەوە.
 
هەر لەسەرەتای ساڵدا، سانجێرمان لە خولی فەرەنسا دووچاری سێ شکستی لەسەریەک بوو بەرامبەر یانەکانی لانس، رێن و مۆناکۆ و بەوەش گومانی زۆر کەوتنە سەر تواناکانی گالتێ، لە بەڕێوەبردنی ژووری جلگۆڕینی یانە پاریسییەکە کە پڕە لە ئەستێرەی دیار.
 
مانگی چواری ئەمساڵ، کاتێک پاریس ئیدی تەنیا رکابەریکردن لەسەر نازناوی خولی فەرەنسای بۆ مایەوە، یانەکە پێنج یاریی ئەنجامدا، سێ بردنەوەی لەسەریەکی بەدەستهێنا و دوو یارییشی دۆڕاند.
 
سانجێرمان لە هێڵەکانی هێرشبەری و بەرگریدا لێکهەڵوەشاو و بێتوانا دەردکەوێت، لە پێنج یاریدا هەشت گۆڵی کردووە، لە بەرامبەریشدا شەش گۆڵی لێکراوە.
 
گالتێ و یاریزانەکانی لە مانگی چواردا، بەشکستێکی لەناکاو بەرامبەر لیۆن دەرکەوتن کە دووەم بوو لەسەر یاریگەی خۆیان پاشئەوەی پێشتر لە 19ی ئاداردا بە رێن دۆڕابوون.
 
یانە پاریسییەکە زوو لە ژێر کاریگەریی شكستەکە هاتە دەرەوە و سێ بردنەوەی لەسەریەکی بەدەستهێنا، بەڵام بردنەوەکان دڵنیایی بەخش نەبوو. سانجێرمان سەرەتا لە یاریگەی نیسەوە گەڕایەوە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، پاشان لە لانسی بردەوە 3 - 1 گۆڵ و دواتریش لە ئانژێی دابەزیوو بۆ خولی پلە دووی فەرەنسای بردەوە بەئەنجامی 2 - 1 گۆڵ.
 
هەروەکچۆن سەرەتای مانگی ئەپریل خەمهێن بوو بۆ پاریسییەکان، بەهەمان شێوە کۆتاییەکەشی، کاتێک ئەوان دوێنێ یەکشەممە بە 3-1 گۆڵ بە لۆریان دۆڕان.
 
ئەم شکستە، ژمارەکانی خاڵەکانی سانجێرمانی لە 75 خاڵ لە پێشەنگی خولی فەرەنسادا هێشتەوە، بەڵام مارسیلیا ویستی گەیشتنەوە بە پاریسی بۆ زیندوو بووەوە و ئێستا ئەو یانەیە 67 خاڵی هەیە و دوای ئەویش لانس 66 خاڵی هەیە، لە کاتێکدا هێشتا پێنج هەفتە ماوە بۆ تەواوبوونی وەرزی ئەمساڵی لیگ ئای فەرەنسی.
 
گەرچی گالتێ پێشتر لە وەڵامی دەنگۆکانی دوورخستنەوەیدا دووپاتیکردووەتەوە کە بیر لەو بابەتە ناکاتەوە و واخۆی دەبینێتەوە کە وەرزی داهاتووش راهێنەری سانجێرمانە و تەنانەت پلانی بۆ کارکردن بۆ وەرزی داهاتوو داناوە، بەڵام لەگەڵ هەر شکست و کەوتنێکدا، دەنگۆکانی دوورخستنەوەی گالتێ لە یانەکە زیاد و زیادتر دەبن.
 
ئەگەر کارگێڕیی سانجێرمان تاڕادەیەک چاوپۆشی لە نەبردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگیش بکات، چونکە پێشتر هیچ راهێنەرێکی دیکەی یانەکە ئەوەی پێنەکراوە، کارگێڕیی یانەکە ناتوانن لە لەدەستدانی نازناوی خولی فەرەنسا خۆشببن کە ئێستا ئەگەرێکی بەهێزە. چونکە نازناوی ئەمساڵ بۆ سانجێرمان تایبەتە و دەبێتە یانزەیەمین نازناوی خولی فەرەنسا کە ئەو یانەیە لە مێژوودا بەدەستی بهێنێت و ئەمەش دەیکاتە خاوەن ژمارەی پێوانەیی زۆرترین بردنەوەی نازناوی خولەکە لە مێژووی فەرەنسادا.
 
ئێستا سانجێرمان و سانت ئیتیان خاوەن ژمارەی پێوانەیی بردنەوەی نازناوی خولی فەرەنسان و هەریەکەیان 10 جار نازناوی خولەکەیان بردووەتەوە، سانجێرمان چاوی لە نازناوی ژمارەی یانزەیە.
 
میدیای فەرەنسا دەڵێن، لەدەستدانی نازناوی لیگ ئا، مانای کۆتایی هاتنی مانەوەی ئەو راهێنەرە لە یانە پاریسییەکە، پاش تەنیا دوانزە مانگ لە دەستبەکاربوونی وەک مەشقدەر لە سانجێرمان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە