ناخۆشترین هەواڵ بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا

01-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چەند هەفتەیەکە یانەی بارسێلۆنا لە رێگەی سەرۆکی یانەکە و بەڕێوەبەری وەرزشییەوە هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ، بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا رێگەچارەیەک بۆ کێشەکانی بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی گەڕاندنەوەی مێسی دەستپێدەکات، بەڵام زەحمەتە ئەوە رووبدات.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا هەواڵێکی ناخۆشی بۆ هاندەرانی یانەکە بڵاوکردەوە و بە مانشێتێکی گەورە نووسیوویەتی "هەواڵێکی ناخۆش بۆ بارسا، هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ لالیگا نییە."
 
بارسێلۆنا کێشەی زۆری لە پرسی ناهاوسەنگی لە داهات و خەرجیدا هەیە، یانەکە خەرجییەکی زۆر و داهاتێکی کەمی هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لەم دۆخە رزگاربکات، پێویستە 200 ملیۆن یۆرۆ کەمبکاتەوە، کە هەندێک سەرچاوە دەڵێن 350 ملیۆن یۆرۆیە نەک 200 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش بارسێلۆنای خستووەتە بەردەم بارودۆخێکی زۆر زەحمەت و بەڕێوەبەرایەتی یانەکەش دەزانێت کە چارەسەرکردنی بابەتەکە بە ئاسانی زۆر قورسە.
 
رۆژنامەکە دەڵێت "هەوڵەکانی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا و ماتیۆ ئەلیمانی، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکیان نییە و هیچ رێککەوتنێکیش لەگەڵ لالیگا نییە، کە خاڤێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگاش زیاتر لە جارێک ئەمەی راگەیاندووە و دوایینجاریش گوتبووی "بارسێلۆنا وەک میترۆ وایە، دەبێت چەند یاریزانێک داببەزن، تاوەکو مێسی سەربکەوێت، ئەمەش زۆر زەحمەتە رووبدات."
 
بارسێلۆنا مەترسیی زۆری لەسەرە، بەتایبەت کە ناوی گاڤی تۆمارنەکراوە، سێرجی رۆبێرتۆ گرێبەستی نوێکراوەتەوە، مارکۆ ئاڵۆنسۆ بەهەمان شێوە، بەبێ ئەوەی ناویان تۆماربکرێت، ناوی جولیان ئاراوخۆ یاریزانی نوێی یانەکە تۆمارنەکراوە، جگە لەوەی کە یانەکە کاردەکات بۆ ئەوەی گرێبەستی ئەلیخاندرۆ بالدێ و عوسمان دێمبێلیش نوێبکاتەوە.
 
بەم شێوەیە گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ بارسێلۆنا زۆر زەحمەت دەبێت، کە ماوەیەکی زۆرە ناوی یاریزانەکە بەو یانەیەوە بەستراوەتەوە و چاڤی و لاپۆرتاش زیاتر لە جارێک باسیان لە ئەگەری گەڕانەوەی یاریزانەکە کردووە.
 
گرێبەستی مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە 30-6-2023 کۆتاییدێت، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە نییە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە و داهاتووی لیۆ روون نییە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە