ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید دوایین مەشقەکانی ئەنجامدا و ئەنچێلۆتی هەواڵی خۆشی پێیە

01-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ریال مەدرید
ریال مەدرید
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکەی شەوی سێشەممە بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد ئەنجامدا، کارلۆ ئەنچێلۆتی هەواڵێکی خۆشی بە هاندەرانی تیپەکەی راگەیاند.
 
ریال مەدرید ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی ڤالدێبێباس، دوایین مەشقەکانی ئەنجامدا، لە راهێنانەکانی یانەکەدا هەریەکە لە ئێدێر میلیتاو، لوکا مۆدریچ، فێدریکۆ ڤالڤێردی، ڤینیسیۆس جونیۆر و فێرلان مێندی بەشدارییان نەکرد و لە یارییەکەدا یاریی ناکەن.
 
لەگەڵ ئەوەی چاوەڕواندەکرا ماوەیەکی زۆر لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە، بەڵام کارلۆ ئەنچێلۆتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا گوتی "هەواڵێکی خۆشم پێیە و دەکرێت رۆژی شەممە لوکا مۆدریچ بۆ یارییکردن ئامادەبێت."
 
لەبارەی میلیتاوەوە راهێنەری ریال مەدرید گوتی "ئەو هیچ پێکانێکی نییە، بەڵکو کێشەی تایبەتی هەیە، بۆ ڤالڤێردیش دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکەی بکرێت و دەیڤد ئالاباش بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، لەکاتێکدا ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار دوای پێکانەکەی بە تۆپەوە مەشقی کردووە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا لە یارییەکە بنزیما سەرەکی دەبێت؟ ئەنچێلۆتی گوتی "دەکرێت وابێت و سەرەکی بێت، ئەو ئەمڕۆ هەندێک ماندووبوو، بەڵام ئەگەر باش بێت یارییدەکات."
 
کارلۆ رەخنەی لە خشتەی یارییەکانی تیپەکەی گرت و گوتی " خشتەیەی کە ئێمە یاریی پێدەکەین نالۆژیکییە."
 
پرسیارێک لە ئەنچێلۆتی کرا، بارسێلۆنا لالیگای بردەوە، یان ریال مەدرید نازناوەکەی لەدەستدا کامیان راستە؟ راهێنەرە ئیتاڵییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت "هەمیشە ستایشی تیپی رکابەر دەکەم، بارسێلۆنا ژمارەیەکی زۆری خاڵی بەدەستهێناوە و شایەنی ئەوەن."
 
ریال مەدرید رۆژی سێشەممە کاژێر 23:00 لە رکابەرییەکانی گەڕی 33ـی لالیگا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ریال سۆسیداد یارییدەکات، دوای ئەوەش خۆی بۆ یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ئامادەدەکات کە رۆژی شەممەی داهاتوو لە یاریگەی لاکارتوخا بەرامبەر یانەی ئۆساسۆنا یارییدەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە