هاندەرانی مانچێستەر یونایتد 'شۆڕش' بەرپا دەکەن

01-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی مانچێستەر یونایتد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاندەرانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، جارێکی دیکە تووڕەیی خۆیان بەرامبەر خاوەنانی یانەکە دەربڕی، ئەمجارەیان لە خۆپێشاندانی توونددا، داوای رۆیشتنی خاوەنی یانەکە و فرۆشتنیان کرد.
 
خۆپێشاندانەکان، بەرلە دەسپێکردنی یاریی مانچێستەر یونایتد بوو بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا لە گەڕێ 34ی پرێمەرلیگ، کە تێیدا مانچێستەر یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە.
 
کەمێک بەرلەدەستپێکردنی یارییەکەی دوێنێ، هاندەرانی یونایتد لە دەرەوەی یاریگەی ئۆڵدترافۆردی تایبەت بە یانەکە، کۆبوونەوە بۆ ناڕەزایی و تووڕەیی پێشاندا بەرامبەر ماڵباتی گلەیزەر، خاوەنی یانەکە. هەندێک میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، خۆپێشاندانەکانی ئەمجارە زۆر تووند و فراوان بووە، ناویان ناوە 'شۆڕش' لە دژی گلەیزەر.
 
سەرچاوەکان رایانگەیاند، هاندەرانی یانە ئینگلیزییەکە جارێکی دیکە داوای رۆیشتنی ماڵباتی گلەیزەریان لە خاوەندارێتی یانەکە کردووە و ئەمجارە داوایانکردووە ئەو یانەیە بەیەکجاری بەوەبەرهێنێکی دیکە بفرۆشرێت و بە موڵکی گلایزەر نەمێنێتەوە.
 
هاندەرانی یونایتد هەڕەشەی بایکۆتکردنی یارییەکانی داهاتووی یانەکەیان کردووە، ئەگەر ئەو ماڵباتە سووربن لەسەر هێشتنەوەی موڵکایەتیی یانەکە لای خۆیان، هەروەها گوتووشیانە بەوە رازی نین بەشێک لە پشکەکانی یانەکە بەکەسانی دیکە بفرۆشرێت، بەڵکو پێویستە تەواوی موڵکایەتی یانەکە بفرۆشرێتەوە بە یەکێک لەو کڕیارانەی پێشتر ویستی خۆیان بۆ کڕینەوەی یانەکە راگەیاندووە.
 
میدیای نزیک لە مانچێستەر یونایتد دەڵێن، خۆپێشاندانەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەی ئاستۆن ڤێلاشدا بەردەوامبوون، هاندەران بەردەوامبوون لە گوتنەوەی دروشمی دژ بە گلەیزەر، بەئومێدی ئەوەی دەستەی کارگێڕیی و خاوەنانی یانەکە بڕۆن و بە دەستەوارە پێشکێشکراوەکان بۆ فرۆشتنەوەی یانەکە بەردەوام بن.
 
هەرچەندە ئەمساڵ، مانچێستەر یونایتد نازناوی جامی کاراباو کەپی بەدەستهێناوە و لە یاریی کۆتایی فا کەپیشە، بەڵام ویست و خەونی هاندەرانی یانەکە لەوە گەورەترە کە یانەکە ئەمساڵ و ساڵانی رابردووش بەدەستیهێناون و دەیانەوێت یانەکەیان بگەڕێتەوە سەر سەکۆی نازناوە گەورەکان.
 
لە ماوەی رابردوودا، ژمارەیەک دەستەوارە بۆ کڕینەوەی یانەی مانچێستەر یونایتد گەیشتوونەتە دەست خاوەنانی یانەکە. دیارترین دەستەوارە لەلایەن شێخ جاسم بن حەمەد ئالسانی قەتەری و کۆمپانیای 'ئینیۆس'ی موڵکی جیم راتکلیفی سەرمایەداری بەریتانییەوە پێشکێشکراون.
 
ئەوەی رێگرە لەبەردەم پرۆسەی فرۆشتنەوەی یانەی مانچێستەر یونایتد تاوەکو ئێستا، ویستی ماڵباتی گلەیزەرە کە دەیانەوێت لە بەرامبەر فرۆشتنەوەی یانەکەدا بڕی 6 ملیار پاوەندیان دەستبکەوێت، هەروەها بەشێک لە پشکەکانی یانەکە لای خۆیان بهێڵنەوە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن هیچکام لەو دەستەوارانەی پێشکێشکراون بۆ کڕینەوەی یانەکە، نەگەیشتوونەتە 6 ملیار پاوەند.
 
خۆپێشاندانی هاندەرانی مانچێستەر یونایتد لە دژی خاوەنانی یانەکە نوێ نییە، لە چەند ساڵی رابردوودا، بەردەوام ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانە دووبارە دەبنەوە، بەڵام هیچ کاتێک ویستی هاندەرانی یانەکە، نەگەیشتووەتە ئاکام.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە