کلۆپ بۆ هاندەرانی لیڤەرپوول: رقم لەم گۆرانییەیە و نامەوێ لە ئانفێڵد گوێم لێی بێت


رووداو دیجیتاڵ

یۆرگن کلۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، داوایەکی بەپەلەی لە هاندەرانی یانەکەی کرد لەبارەی پشتگیریکردنیان بۆ تیپەکە لە یارییەکانیدا.
 
کڵۆپ کە دوێنێ یانەکەی بە 4 - 3 گۆڵ لە تۆتێنهام هۆتسپێری بردەوە و ئەوە یەکەمجارە لە وەرزی ئەمساڵدا یانەکە چوار یاریی لەسەریەک بباتەوە، دڵخۆشیی خۆی بە سەرکەوتنە نوێیەکەی لیڤەرپوول دەربڕی کە لە ماوەی رابردوودا کێشەی زۆری لە ئەنجامەکانیدا هەبوو.
 
لیڤەرپوول بەو بردنەوەیە بەشێوەیەکی کاتیی بۆ پلەی پێنجەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ سەرکەوت و تاڕادەیەک ئومێدی بەگەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو هەیە.
 
کلۆپ رایگەیاندووە کە دڵتەنگە بەو گۆرانییەی هاندەرانی یانەکە تایبەت بەو دروستیان کردووە و لە یاریگەی ئانفێڵد لە کاتی یارییەکانی یانەکەدا دەیڵێنەوە.
 
گۆرانییەکەی هاندەرانی رێدز دەڵێ، "من زۆر دڵخۆشم چونکە یۆرگن سوورە". هاندەرانی لیڤەر لە یارییەکەی تۆتێنهامدا بەردەوام ئەو گۆرانییەیان دەگوتەوە. 
 
لیڤەرپوول لە یارییەکەی تۆتێنهامدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر پێشکەوت، بەڵام لە گێمی دووەمدا تۆتێنهام ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، بەرلەوەی دیۆگۆ جۆتا گۆڵی چوارەمی لیڤەرپوول تۆمار بکات و بەوەش یانەکە سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت.
 
کلۆپ لە لێدوانی بۆ ماڵپەری 'لیڤەرپوول ئیکۆ'دا گوتوویەتی، "من دەبێ دانبەوەدا بنێم کە حەزم لە هەموو گۆرانییەکانە، بەڵام تکایە گۆرانییەکەی من مەڵێنەوە".
 
راهێنەری رێدز زیاتر دەڵێ، "ئەگەر دەتانەوێت بیڵێنەوە و سوورن لەسەر گوتنەوەی، لە دوای یارییەکانمان لە هەر شوێنیک دەتانەوێت بیڵێنەوە، چونکە ئەو گۆرانییە کاتێک گوێت لێی دەبێت، هەستی ئەوەت دەداتێ کە یارییەکە تەواو بووە و براوەبووین".
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکە دەڵێ، "ئێمە بە سێ گۆڵ لەپێشەوە بووین، گوێم لێبوو هاندەران گۆرانییەکەیان دەگووتەوە، (من زۆر دڵخۆشم چونکە یۆرگن سوورە)، لە کاتێکدا یارییەکە هێشتا تەواو نەبووبوو".
 
لە کۆتاییدا یۆرگن کلۆپ گوتوویەتی، "نایاب دەبێت ئەگەر گۆرانییەکە هەڵبگرین بۆ کاتێک دیکە، ئێستا کە یارییەکەمان بردووەتەوە لە تۆتێنهام، هەمووان بەبردنەوە و کەشی سەرکەوتنەکە دڵخۆشن.. کەشی یاریگەکەمان لەسەر لێواری تەقینەوە بوو، کەس ئەم جۆرە یارییانە لەبیر ناکات، با بەردەوام بین".