نوێترین زانیاری لەسەر ئەگەری دوورخستنەوەی راهێنەری یانەی زاخۆ


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لە قۆناخی دووەمی خولی یانە نایابەکانی عێراقدا، یانەی زاخۆ راهێنەرەکەی دووردەخاتەوە و راهێنەرێکی بەنێوبانگ نزیکە لە وەرگرتنی یانەکە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ دەستەی کارگێڕیی یانەی زاخۆ لەگەڵ حەیدەر عەبدولئەمیر، راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەکە لە خولی عێراقدا کۆدەبێتەوە، بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر ئەنجامە خراپەکانی یانەکە و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی ئێستا یانەکە تێیدایە.
 
حەیدەر عەبدولئەمیر شەوی رابردوو لە هەولێر بووە، بە کارگێڕیی یانەی زاخۆی گوتووە "رۆژی دووشەممە دەگەڕێمەوە زاخۆ، ئەگەر بزانم کارگێریی یانەکە پێی باش نییە بمێنمەوە، بەدڵنیاییەوە رازیم واز لە کارەکەم بهێنم و بەردەوام نابم."
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کارگێڕیی یانەی زاخۆ بڕیاری خۆی داوە و راهێنەرەکە دووردەخاتەوە، بەڵام دەیەوێت بەرێزەوە لەبەرامبەر ئەو ماوەیەی بۆ یانەکە کاریکردووە دەستبەرداری راهێنەرەکە ببێت.
 
بۆ جێگرتنەوەی حەیدەر عەبدولئەمیر، نزیکترین بەربژێر نزار مەحروس، راهێنەری بەنێوبانگی سورییە کە بە ئەگەری زۆر دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانەی زاخۆ.
 
مەحروس پێشتر لە خولی عێراق کاریکردووە و دووجار راهێنەری یانەی هەولێر بووە، جاری یەکەمیان راهێنەرەکە نازناوی خولی عێراقی بۆ یانەکە بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئاسیا، بەڵام جاری دووەمیان لە 2021 بوو و وەرزی رابردوو بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لە راهێنەرایەتی یانەکە دوورخرایەوە.
 
یانەی زاخۆ شەش یارییە هیچ بردنەوەیەکی نییە، لە دوایین یارییدا یانەکە بەرامبەر یانەی کارەبا دۆڕا و ئێستا لە پلەی شازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.