سادیۆ مانێ بۆ پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید خۆی یەکلاییکردەوە


رووداو - هەولێر

سادیۆ مانێ، ئەستێرە و هێرشبەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی هەموو ئەو دەنگۆ و هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لە پەیوەندیکردنی ئەو دەکەن بە یانەی ریال مەدرید.

مانێ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی بارسێلۆنا لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی گفتوگۆکردن لەگەڵ یانەی ریال مەدرید گوتی، بەراستی ئێوە وەک رۆژنامەڤان ئەم دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە، منیش لەگەڵ هاوڕێکانم دەیانخوێنمەوە.

ئەستێرە سەنیگالییەکە زیاتر گوتی، رێزی خولی ئیسپانیا دەگرم، خولێکی بەهێزە و چەند یاریزانێکی بەتوانای تێدایە، بەڵام پرێمەرلیگیش بەهێزە، هەمووان دەیانەوێت لێرە یاریی بکەن، من هەلێکی زۆر گەورەم هەبووە کە بۆ لیڤەرپوول یاریی بکەم، ئەمە شتێکی جوانە.

قسەکانی مانێ لەکاتێکدا کە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاندبوو، زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدرید داوای لە دەستەی کارگێری یانەکەی کردووە گرێبەست لەگەڵ مانێ واژۆبکەن.