دیێگۆ سیمیۆنی لە وەرگرتنی راهێنەرایەتی ئینتەر نزیکبووەتەوە

01-05-2017
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دیێگۆ سیمیۆنی
A+ A-


رووداو - هەولێر

چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا گۆڕانکاری گەورە لە تۆپی پێی جیهان و ئەوروپادا رووبدات و چەندین یانە راهێنەرەکانیان بگۆڕن و چەندین راهێنەریش پۆستی نوێ وەربگرن، گرنگترین راهێنەریش دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانییە کە ئەگەری زۆر هەیە ببێتە راهێنەری یانەی ئینتەرمیلانی ئیتالی.

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، دەستەی کارگێری ئینتەر لەگەڵ سیمیۆنی کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو راهێنەرە رازیبکەن، پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت و خەونی چینییەکان بۆ بردنەوەی نازناوەکان بکاتە راستی.

بەپێی دوایین زانیارییەکانی مێدیای ئیتالیا، دیێگۆ سیمیۆنی لەئەگەری وەرگرتنی راهێنەرایەتی ئینتەر 3 ساڵ لەگەڵ یانەکە دەبێت و مووچەکەی 6 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، لەگەڵ ئەگەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەئەگەری بردنەوەی نازناوەکان.

خاڤێر زانێتی، یاریزانی پێشووی یانەکە و جێگری سەرۆکی ئێستای یانەکە پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ دیێگۆ سیمیۆنی هەیە و پێدەچێت کاریگەریی هەبێت لە رازیکردنی ئەو راهێنەرە ئەرجەنتینییە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی نیرازۆری.


سیمیۆنی چەندین جار رایگەیاندووە، دەیەوێت رۆژێک لە رۆژان لە ئیتالیا مەشق و راهێنان بداتەوە، بەتایبەت کە وەرزی 1997 تاوەکو 1999 یاریزانی ئینتەرمیلان بووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە