بەڤیدیۆ.. یوسف ئەمین باسی ژیانی خۆی، هەڵبژاردەی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی رۆناڵدۆ دەکات

01-04-2025
محەممەد کارێزی
یوسف ئەمین
یوسف ئەمین
نیشانەکردن یوسف ئەمین هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یوسف ئەمینی یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی وەحدەی سعودی، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بە 'رووداو سپۆرتس'ی راگەیاند، هەڵبژاردەی عێراق دەگاتە مۆندیال و خەونی منداڵیی ئەویش بەدی دێت.
 
یوسف، لەدایکبووی ساڵی 2003ی ئەڵمانیایە، بەڵام لە خێزانێکی کورد کە خەڵکی گەرمیانن، لەدایکبووە. ئەو سەرەتا لە ئەکادیمیای یانەی ڤیکتۆریا کۆڵن پێگەیشتووە. ساڵی 2022 چووەتە یانەی فاینۆردی هۆڵەندی، دواتر بۆرووسیا دۆرتمۆند و پاشانیش یانەی وەحدەی سعودی.
 
یوسف سالی 2023 بانگهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق کرا و بەشداریی لە مۆندیالی خوار 20 ساڵاندا کرد. لە 16ی مانگی یانزەی ساڵی 2023 یەکەم یاریی خۆی بەدرێسی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراقەوە ئەنجامدا و لە دوایین یاریی عێراقیش لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو، سەرەکی بوو.
 
یوسف باسی لە هەستی خۆی، لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی ئەستێرەکانی خولی سعودیە، بەتایبەت کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کەریم بنزیما کردووە. ئەو دەڵێ یارییکردن لە خولی سعودیە زەحمەت و قورسە.
 
ئەمەی خوارەوە دەقی چاوپێکەوتنی یوسف ئەمینە لەگەڵ 'رووداو سپۆرتس'.
 
رووداو: جارێکی دیکە هاتیتەوە بۆ کوردستان، چۆنت بینی؟
 
یوسف ئەمین: یەکەمجارە دێمە شاری هەولێر، بەڵام وەک ئەوە وایە دەیەمجار بێت سەردانی ئێرە بکەم. کەشوهەوای ئێرە زۆر خۆشە و هەروەک ئەوەیە لەنێو ماڵباتی خۆم بژیم، خەڵکی هەولێر  من دەناسن و زۆرباشن و هەست بەخۆشییەکی زۆر دەکەم.
 
رووداو: واتا هاندەران و خەڵکی هەولێر پێشوازییەکی گەرمیان لێکردووی؟

یوسف ئەمین: پێشتر نەمدەزانی ئەو هەموو ژمارە زۆرەی هاندەرم لە هەولێر هەیە، پێموابوو تەنیا لە بەغدا و بەسڕە هاندەرم هەن، بەڵام کە هاتم، زانیم بەشێوەیەکی باش دەمناسن و هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە لە کوردستان پاڵپشتییەکی گەورەم دەکەن، راستە من خەڵکی کەلار و دەربەندیخانم، بەڵام زۆر حەزم لە ژیانکردن و تێکەڵبوونە لەگەڵ خەڵکی هەولێر، هەولێر خۆشترین شاری کوردستانە.
 
رووداو: لە هەولێر چی سەرنجی راکێشاوی؟

یوسف ئەمین: سەردانی شوێنە گشتییەکانی هەولێر وەک ئێمپایەر و دریم ستیم کردووە، چوومە ماڵی پوورم واتە خوشکی دایکم کە لە هەولێر ژیان بەسەر دەبات، بەڕاستی شارێکی جوان و سەرنجراکێشە.
 
رووداو: پوری بەڕێزتان خواردنی کوردەواری بۆ ئامادە کردووی؟
 
یوسف ئەمین: ئەی چۆن بۆی ئامادەکردووم و یەکەم رۆژ فاسۆڵیام خوارد کە ژمارە یەکە لام، ئەمشەویش دۆڵمە دەخۆم.
 
رووداو: هەڵبژاردەی عێراق بۆ لە یاریی فەڵەستین نەیبردەوە و چی روویدا؟
 
یوسف ئەمین: من زۆر خەمم بە ئەنجامی ئەو دوو یارییەی رابردوومان خوارد، هەر لەبەرئەوەش بوو هاتمە هەولێر، ویستم کەمێک لە رووی دەروونییەوە ئارام ببمەوە و کەشێک بگۆڕم. راستی دوو یاریی گرنگ بوو بۆ هەڵبژاردەی عێراق و ئەنجامەکەی بەگشتی هەموومانی خەمبار کرد، بەڵام دەبێت باوەڕمان بەوە بێت کە یارییە و دەیبەیتەوە و دەدۆڕێی، ململانێکان تەواونەبوون و ئێمە دوو یاریمان لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال ماوە، پێموایە دوو یاریی داهاتوومان زۆر گرنگە و دەتوانین ببەینەوە، هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دێتە نێو یاریگەی بەسڕە، دەتوانین سەرکەوین و هیچ تیپێک لە بەسڕە ناباتەوە، سرووشتی تۆپی پێ وایە جاری وا هەیە لە پێشی کەچی نابەیتەوە، هەڵبژاردەی فەڵەستین لە خولەکەکانی کۆتاییدا بەسوود وەرگرتن لە دوو هەل سەرکەوت.
 
رووداو: کاساس راهێنەرێکی چۆن بوو؟
 
یوسف ئەمین: کاساس راهێنەرێکی زۆر باشبوو، هەم لەنێو یاریگە و لە دەرەوەش کەسێکی شارەزا و لەبار بوو بۆ ئێمە خۆی و ستافەکەی وەک ماڵبات مامەڵەیان لەگەڵ ئێمە دەکرد، بۆیە گۆڕانکاری لە راهێنەر ئاسان نییە و هێنانی راهێنەرێکی دیکە ئاسان نییە، بیرۆکەی باش و پڕۆفشناڵی هەبوو، تەنانەت جامی کەنداوی بۆ عێراق بردەوە، لە جامی ئاسیاش ئەنجامی باشمان هەبوو.
 
رووداو: تۆ ئاسوودە بووی لەگەڵ کاساس؟
 
یوسف ئەمین: بەڵێ من زۆر هەستم بە ئاسوودەیی دەکرد وەک یەکەم تاقیکردنەوەم لە هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ ئەو راهێنەرە.
 
رووداو: پێتوایە راهێنەری ناوخۆی عێراق یان دەرەوە بۆ داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق باشە، بەتایبەت ناوی حوسێن عەمووتە دێت؟
 
یوسف ئەمین: من زۆر دوورم لە هەواڵەکان و سۆشیال میدیا، لێرەوە تا مانگی شەش تەنیا بیر لە پێشاندانی ئاستێکی بەرز لە خولی رۆشنی سعوودی دەکەمەوە، بەشێوەیەکی گشتی لای من چ راهێنەری ناوخۆیی بێت یان راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئوردن عەمووتە، پێموایە وەک یەکدین و گرنگ ئەوەیە ئەو بزانێت کە تیپەکەمان یاریزانی باشی هەیە و بیرۆکەی باش دانێت بۆ بەدیهێنانی خەونی گەورەمان کە گەیشتنە بە مۆندیال.
 
رووداو: عێراق دەگاتە یارییەکانی مۆندیال؟
 
یوسف ئەمین: هەڵبژاردەی عێراق خاوەن 13 خاڵە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال، دوو یاریی داهاتوومان وەک یاریی کۆتاییە و هەڵبژاردەکانی کۆریای باشوور و ئوردن ئەرکیان قورسە، دەتوانین هەموو شتێک لە کۆمەڵەکەمان بکەین و تیپەکان لە رووی هەڵوێستەوە لە یەکدی نزیکن، واتە تەنیا دوو یاریمان ماوە بۆ ئەوەی دەسکەوتێکی گەورە بنووسینەوە و دڵی هاندەران خۆش بکەین.
 
رووداو: پێتوایە عێراق بگاتە مۆندیال؟
 
یوسف ئەمین: پەنا بەخوا.. بەڵێ عێراق دەگاتە مۆندیال.
 
رووداو: کەواتە یاریی دەکەیت لە مۆندیال؟
 
یوسف ئەمین: کە منداڵ  بووم سەیری یارییەکانی مۆندیالم دەکرد، من یەکەمجار لە ساڵی 2010 بیرم دێت ئەوکات بینەری یارییەکان بووم، بەڕاستی دەسکەوتێکی گەورەیە تۆ لە یارییەکانی مۆندیال یاریی بکەیت، بەتایبەت من کە ئێستا 22 ساڵم، شتێکی کەم نییە لەو پاڵەوانێتییە گەورەیە یاریی بکەم، چونکە دوای چوار ساڵی دیکە، تەمەنم هەڵدەکشێت و دەبمە 26 ساڵ، بڕوابکە هەموو رۆژێک بیروهزرم لای ئەو ساتەیە کە وڵاتەکەم دوای ساڵانێکی زۆر دوورکەوتنەوە لە مۆندیال جارێکی تر بگاتەوە پاڵەوانێتییەکە و منیش لەو مۆندیالە یاریی بکەم.
 
رووداو: ژیانت لە سعودیە چۆنە و خولی سعودیە چۆن دەبینی؟
 
یوسف ئەمین: ماوەی هەشت مانگە لە شاری جەددەی سعودیە دەژیم، بەدڵنیاییەوە من لە ئەڵمانیا گەورەبووم و لە رووی بیرکردنەوە و کولتوورەوە زۆر جیاوازن، بەڵام سعودیە وڵاتێکی خۆشە بۆ من، بۆ وەرزش زۆر لەبارە و پێویست ناکات باسی بکەم کە هەموو ئەستێرە گەورەکان لە خولی ئەو وڵاتەدا کۆبوونەوەتەوە، واتا بتوانێت لە خولێک لەگەڵ رۆناڵدۆ و بنزیما یاری بکەیت ئەوە خەونێکی گەورەیە.
 
رووداو: هەستت چیبوو کاتێک بەرامبەر رۆناڵدۆ یارییت کرد؟
 
یوسف ئەمین: رۆژێک بەر لە یارییەکە سەیری پێکهاتەی یانەی نەسڕم کرد، سەرنجمدا رۆناڵدۆ، مانێ لەگەڵ برۆزۆڤیچ یاریدەکەن، بەڵام کاتێک چوومە نێو یارییەکە، هەستم بەوە نەکرد کە بەرامبەر ئەوانم، وەک ئەوە وابوو کە تەمەنێکی منداڵیم هەبوو یاریمکرد و دوای هەفتەیەک ئەو هەستە خۆشەم بۆ دروستبوو کە من بەرامبەر رۆناڵدۆ یاریمکردووە، من منداڵ بووم سەیرم دەکرد رۆناڵدۆ یاریی دەکرد، کاتێک بەرامبەری یاریمکرد و بوومە باشترین یاریزانی یارییەکەش، ئەوە هەستێکی لەبیر نەکراو و مێژووییە بۆم، رۆژێکی جوان بوو لە ژیانم.
 
رووداو: دەڵین یاریکردن لەنێو کەشوهەوای سعودیە ئاسان نییە بۆ یاریزانان؟
 
یوسف ئەمین: زۆر کەس پێیانوایە یاریکردن لە سعودیە ئاسانە، کە رۆناڵدۆ لەوێ یاریدەکات، یان سەیر بکەین بنزیما وەرزی یەکەم زۆر گۆڵی تۆمار نەکرد، لەوێ کەشوهەوا گەرمە و ئاسان نییە بۆ یاریکردن، من یاریی یەکەم لە ژێر پلەی 40 پلە یاریمکرد، جا ئەگەر کاتێکیش زۆر یارییدەکەیت، زۆر ماندوودەبیت و قوڕگت وشک دەبێت. حەزدەکەم یاریزانان بێن لەوێ یاریی بکەن، جا حاڵی خۆیان دەبینن کە چەند قورسە، بەراستی من ستایشم هەیە بۆ یاریزانانی سعودیە کە دە تا پازدە ساڵە یاریدەکەن، کەچی ئاستیان هەر بەرزە، ئەوەی باشە لە خولی سعودی ئازادییەکی زۆر بە یاریزان دەدەن کە تواناکانی خۆی پێشان بدات، وەک ئەورووپا نییە کە زۆر تەکتیکی قورس بکەنە ئەرکت، لە سعودیە دەتوانی لە نێو گۆڕەپاندا بە ئازادی یاریی بکەیت.
 
رووداو: خەون و پلانی داهاتووت چییە؟
 
یوسف ئەمین: بەدڵنییاییەوە خەونم ئەوەیە ئاست و ئەنجامێکی باش و بەردەوام لەشێکی ساخم هەبێت، ماڵباتەکەم ژیانیان خۆش بێت لام زۆر گرنگە، دواتر نازانم لە ژیانی وەرزشیم لە سعودیە یان لە ئەورووپا چی روودەدات، تەنیا ئەوەیە حەزدەکەم لەو ژیانەمدا زۆر دەسکەوتی باش و رۆژانی جوان ببینم.
 
رووداو: دەڵێن یانەکانی فەرەنسا و سعودیەش حەزیان لە گرێبەستکردنە لەگەڵ تۆ ؟
 
یوسف ئەمین: راست دەکەی لە فەرەنسا چەند یانەیەک حەزی گرێبەستیان هەبوو، بەڵام لە سعودیە زۆر ئاسوودەم و بەشێوەی سەرەکی لە پێکهاتەی سەرەکیم کە گرینگترین شت بۆ یاریزان ئەوەیە کە لە تیپەکەیدا بەسەرەکیی یاریی بکات، هەست بە ئاسوودەیی دەکەم، جارێ تا پشووی هاوین بیر لە هیچ ناکەمەوە.
 
رووداو: یانەکەت، وەحدە چۆن دەبینی؟ بۆ ئەنجامەکانی لە پاشەکشەدان؟
 
یوسف ئەمین: یانەی وەحدە تیپێکی خاوەن مێژوو و دێرینی وڵاتی سعودیەیە، بەڵام ئەگەر سەیر بکەین، ئەمساڵ رکابەرییەکە بەهێزە و یانەکان پڕ ئەستێرەن، ئێمە خاوەن ئیگالۆین کە پێشتر لە مانچێستەر یونایتد یاریکردووە، راستە لە ریزبەندیی لە خوارەوەین، بەڵام لە سێ یاریی رابردوو ئەنجاممان باش بوو، لە داهاتووش باشتریش دەبین.
 
رووداو: تۆ خەڵکی کوردستانی و رۆژێک لە رۆژان یانەکانی کوردستان داوایان لێکردی یارییان بۆ بکەیت، ئایا ئامادەی؟
 
یوسف ئەمین: بە دڵنیاییەوە گەر وەک ئوسامە رەشید، تەمەنم بگاتە 33 ساڵ بۆ نا بۆ یانەکانی هەولێر یان دهۆک و زاخۆ و هەموو یانەکان ئامادەم یاریی بکەم و رێزی زۆرم بۆیان هەیە، ئەوەش خەونێکی دیکەمە لە داهاتوودا لەنێو وڵاتی خۆم یاریبکەم و لێرە بژیم.
 
رووداو: لە ئەڵمانیا دۆرتمۆند، فاینۆرد، یان بۆخوم لەگەڵ ڤیکتۆریا کۆڵن کامەیان؟
 
یوسف ئەمین: یەکەم فاینۆرد، لەوێ لە تیپی دووەم یاریمکردووە و دواتر لەگەڵ تیپی یەکەم راهێنانم کرد، بێگومان یاریزانی باشی هەبوو کە ئێستا لە یانە گەورەکان یاریدەکەن، بێگومان راهێنەرەکەشمان ئارنێ سلۆت، ئێستا راهێنەری یانەی لیڤەرپوولە و راهێنەرێکی زۆر باشبوو، بۆرووسیا دۆرتمۆند تیپێکی گەورەیە لە ئەڵمانیا و لەوێ شەش وەرز یاریمکردووە، بۆیە ئەو دوو تیپە هەموو کات لەنیو دڵمدان.
 
رووداو: نێوانی تۆ و باوکت زۆر خۆشە و چۆن لەگەڵ ماڵباتەکەت قسە دەکەی؟
 
یوسف ئەمین: من پەیوەندییەکی زۆر خۆشم لەگەڵ ماڵباتەکەم هەیە و باوکم وەک هاوڕێمە، ئەوان سەردانم دەکەن و دێنە سعودیە و من دەچمەوە سەردانیان بۆ ئەڵمانیا، باوکم زۆر هاندەرمە و شارەزای تۆپی پێیە و تەنانەت بەبێ هاندانی باوکم و دایکم نەدەگەیشتمە ئەم رۆژە باشەم، ئاریان برای بچووکمە وەک من یاریزانێکی باشە و لە یانەی ئاخن یاریدەکات کە تیپەکەیان بەهێزە، پەنا بەخوا ئەویش زۆری نەماوە بێت لە هەڵبژاردەی عیراق یاریبکات.
 
رووداو: رات لەسەر رووداو چییە؟
 
یوسف ئەمین: من رووداوم فۆڵۆ کردووە، لەنێو مۆبایلەکەمەوە سەیری یارییەکان و هەواڵەکانی خولەکانی ئەورووپا و سعودیە و خولی ئەستیرەکانی عێراق بڵاو دەکەنەوە، تۆش کوڕێکی باشی و هەست بەخۆشی دەکەم لەگەڵ رووداو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە