پەرلەمانتارێک داوای یاسایەک دەکات بۆ بنەبڕکردنی تووندوتیژی نێو یاریگاکانی کوردستان

01-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چیای تەیموور تووندوتیژی نێو یاریگاکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چیای تەیموور، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا و ئەندامی لیژنەی وەرزشی لە پەرلەمانی عێراق، داوا دەکات پەرلەمانی کوردستان یاسایەک دابنێت بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی تووندوتیژی لەنێو یاریگاکانی کوردستان.
 
دوای ئەو رووداوە نەخوازراوانەی لە یاریی دهۆک و زاخۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا روویاندا، چیای تەیموور لە ئەکاونتی خۆیدا لە فەیسبووک، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و وێڕای دەربڕینی خەفەت و نیگەرانی خۆی بۆ ئەو دۆخەی کە هەموو جارێ لە یاریگاکانی کوردستاندا دووبارە دەبێتەوە، داواش دەکات یاسایەک هەبێت بۆ سزادانی ئەو کەسانەی دەبنە هۆکاری ئەو دۆخە خراپ و مەترسیدارانە.
 
چیایی تەیموور، کە لەبواری وەرزشدا خزمەتێکی زۆری هەیە و پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی وەرزشی هەرێمی کوردستان بووە، لەو بارەیەوە لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "دەبێت هەموومان لە ئاست ئەم دیاردە ناشیرین و مەترسیدارەدا هەست بە بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی بکەین و هەوڵەکان یەک بخەین بۆ بنەبڕکردنی، ئەگەرنا ئەو کار و رەفتارە نابەجێیانەی لە یارییەکەی دهۆک و زاخۆ بینیمان کاردانەوەی مەترسیدارتریان دەبێت و خوانەخواستە لەوانەیە کارەساتیشی لێبکەوێتەوە".
 
ئەو زیاتر گوتی "لەبەر تایبەتمەندیی پیشەیی خۆم، چاودێری دۆخەکەم دەکرد و پێشبینیم دەکرد ئەوە رووبدات، کە بەداخەوە روویدا. من ساڵێک زیاترە ئەو مەترسییەم گەیاندووەتە بەرپرسانی دهۆک، چەندین رێکارم پێشنیاز کردووە بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاو بە هەنگاو درز و کەڵێنەکان نەهێڵین و ئەو کەشە ناتەندروست و ساردەی لەنێوان هاندەرانی هەردوو یانەدا دروست بووە نەهێڵین و برینەکان ساڕێژ بکەین".
 
ئەو بەرپرسەی وەرزش، راشکاوانە باس لەوە دەکات کە کارگێڕیی هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ کەم تا زۆر بەرپرسیارن لە هەمیشە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە و بە رووداوی گوت "جگە لە خەمساردیی بەرپرسانی شارەکە، کارگێڕیی هەردوو یانەش بەشێک لە بەرپرسیاریەتییەکەیان دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە بەداخەوە ئەوان لەجیاتی ئەوەی وەک سەرکردە رەفتار بکەن و هەوڵ بدەن هەست و نەستی هاندەران کۆنترۆل بکەن، دەکەونە ژێر گوشاری هاندەران و تەنانەت هەندێکجار هاندەران لەلایەن خۆیانەوە ئاراستە دەکرێن".
 
ئەو زیاتر گوتی "بەداخەوە کار گەیشتووەتە ئەوەی کارگێڕیی ئەو یانانە هەندێکجار بوونەتە بەشێک لە کێشەکان و نەک تەنیا رێگرییان لەو کارە نابەجێیانە نەکردووە، بەڵکو جاویشیان لە ئاست هەندێک رەفتاری خراپ نوقاندووە کە بەناوی ئالترسەوە رۆڵێکی زۆر خراپیان بینیوە لە ورووژاندنی هەستی خەڵکی هەردوو شاری برا و دراوسێ لەدژی یەکدی".
 
چیایی تەیموور، بەدووری نازانێت هەندێک خەڵکی تێکدەر ئەو جۆرە یارییانە بقۆزنەوە بۆ ئامانجەکانی خۆیان، کە تێکدان و تێکبەردانی خەڵکی شارەکانی کوردستانە و دەڵێت "بەداخەوە لەمەشدا کارگێڕیی یانەکان رۆڵێکی خراپیان هەیە و دەرفەت بەو کەسانە دەدەن کار بۆ ئامانجەکانیان بکەن".
 
هەروەها گوتی "سۆشیال میدیاش رۆڵی هەرە خراپ و کاریگەری هەیە، کە بەداخەوە چەند پەیجێکی بێ سانسوور و بەناوی یانە و هاندەرانی یانەکان ژەهری تێکدان و دووبەرەکی دەڕێژن".
 
ئەو پەرلەمانتارە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو پرسە مەتریسدارە پێشنیازی هەیە و لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت "پێویستە بەرنامەیەکی گشتگیر هەبێت و کاری لەسەر بکەین. دەبێت دامودەزگا حکومی، وەرزشی، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و راگەیاندنەکان لێکۆلینەوە و بەدواداچوونی بۆ بکەن بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و ئاسەوارەکانی ئەو دیاردەیە، ئینجا پلانی پێویست دابڕێژن و بەهاوئاهەنگی کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەردەوام بوون لە چاودێریکردنی هەنگاوەکان".
 
ئەو هەروەها گوتی "لەوانەیە لە پەرلەمانیش پێویستیمان بە یاسایەک هەبێت بۆ سزادانی ئەوانەی تۆماتبارن بە ورووژاندنی کێشەکان و دەبنە هۆکاری ئاژاوە هێنانەوە لە یاریگاکاندا".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە