ڤیدیۆ؛ ئاتلێتیکۆ مەدرید شوێنی ئاتلێتیک بیلباوی دەوێت

01-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
 ئاتلێتیکۆ مەدرید
ئاتلێتیکۆ مەدرید
نیشانەکردن ئاتلێتیکۆ مەدرید ڤیاریال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاتلێتیکۆ مەدرید چاوی لە بەدەستهێنانی پلەی چوارەمی ریزبەندی لالیگایە، بەڵام ئەرکەکەی لە نێو یاریگەی لاسیرامیکا و بەرامبەر ڤیاریال ئاسان نابێت.
 
هاندەری سەرەکی بۆ تیپەکەی مەدریدی پایتەخت، بەپلەی یەکەم لە ویستی ئاتلێتیکۆوە بۆ گرتنەوەی پلەی چوارەمی ریزبەندییەکە کە مسۆگەرکردنی سەرکەوتنە بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، سەرچاوە دەگرێت، هەلەکە بەردەستە بەهۆی شکستی ئاتلێتیک بیلباوەوە بەرامبەر ریال مەدرید، کە یانەی خاوەن پلەی چوارەمی ریزبەندییەکە، دەباتە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە.
 
ئاتلێتیکۆ زۆرینەی یاریزانە سەرەکییەکانی بۆ یارییەکە ئامادەن. دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەر بەتەواوی پێکهاتە ئامادەکەیەوە لە یاریگەدا دەردەکەوێت، چونکە ئیدی لە دوا هەفتەکانی لالیگادا، نایەوێت دەستبەرداری کورسییەکی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو ببێت.
 
ئاتلێتیکۆ یارییەکەی ئەمشەوی کردووەتە رێگەی گەیشتنەوە بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، ئەمە لە قسەکانی ئاکسیل ڤێتسلی باشترین یاریزانی مانگی رابردووی یانەکەدا رەنگیداوەتەوە کە بوونی تیپەکەی لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، بەپێویستی و ویستی گەورەی هەمووان لە یانەکە ناودەبات.
 
دیێگۆ سیمیۆنی، چەندە خەیاڵی لای بەدەستهێنانەوەی پلەی چوارەمی لالیگا دەبێت، ناچارە ئەوەندەش بیر لە یارییە گرنگەکەی هەفتەی داهاتووی بکاتەوە کە لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتمۆند کۆیدەکاتەوە و ئەو راهێنەرە لەبەرئەوەی ئیدی تاکاتی یارییەکەی چامپیۆنزلیگ، تیپەکەی یاریی دیکە ئەنجامنادات، پێویستی بەپاراستنی یاریزانەکانی لە پێکانی لەناکاو هەیە.
 
سیمیۆنی لە دوا مەشقەکانی تیپەکەیدا هەڵوەستەی لەسەر ئامادەیی ئانتوان گریزمانی ئەستێرەی یەکەمی یارییەکە کرد و ئەو یاریزانە بەتەواوی گەڕایەوە بۆ نێو پێکهاتەکەی تیپەکە و پێشبینیکراوە ئەمشەو سەرەکی بێت.
 
بۆ ڤیاریال یارییکردن لە یاریگەی خۆیدا مانای پێشاندانی هێز و درێژەدان بەویستی تیپەکە کە پێشانیداوە دەیەوێت جارێکی دیکە وەرزی داهاتوو خۆی لە نێو پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکاندا ببینێتەوە.
 
ڤیاریال ئەگەرچی ئەنجامەکانی رابردووی نزیکی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ باشنەبوون و نەیتوانیوە سەرکەوتن بەسەر ئاتلێتیکۆدا بەدەستبهێنێت، بەڵام سەقامگیربوونەوەی تیپەکە لەگەڵ مارسیلینۆی راهێنەر و نۆ یاریی لەسەریەک بەبێ دۆڕان و بردنەوەی دوایین چوار یاری، دەکرێ ویستی تیپەکە بۆ گۆڕینی هاوکێشەکە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ زیاتر بەرەو سەرکەوتن هان بدەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە