یاخیبوون لە دژی پۆچێتینۆ دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

یاریزانانی چێڵسی لە راهێنەرەکەیان ماورێسیۆ پۆچیتینۆ یاخی دەبن و داوای دامەزراندنی راهێنەرێکی نوێ دەکەن.
 
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یاریزانانی چێڵسی لە تیپی یەکەم پێیانباشە ماورێسیۆ پۆچێتینۆ لە پۆستەکەی وەک راهێنەر دووربخەنەوە.
 
چێڵسی، بۆ جێگرتنەوەی گراهام پۆتەر گرێبەستێکی دوو ساڵەی لەگەڵ پۆچێتینۆی راهێنەری ئەرجەنتینی کرد، لەگەڵ بژاردەی درێژکردنەوەی بۆ ساڵی سێیەم.
 
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا درا کە بلوز یەکێک لە پلەکانی نیوەی خوارەوەی ریزبەندیی خولی ئینگلیزی لە وەرزی 2022-2023 گرتبوو، و پۆچێتینۆش هیچ نازناوێکی تۆپی پێی ئینگلیزی بەدەست نەهێناوە.
 
پۆچێتینۆ 40 یاری لەگەڵ چێڵسی ئەنجامداوە و 19 یاری بردووەتەوە و 9 یاری یەکسان بووە، لە 12 یاریشدا شکستی هێناوە. راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە سەرکردایەتی تیپەکەی کردووە بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی کاراباوکەپ، بەڵام بە لیڤەرپوول دۆڕاوە.
 
چێڵسی لە پلەی یازدەهەمی ریزبەندیی خولی ئینگلیزیدا ماوەتەوە، بۆیە وەک سپۆرت مۆڵیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، هەندێک لە یاریزانانی چێڵسی پێیانباشە یانەکە پۆچێتینۆ دەربکات و راهێنەرێکی دیکە بێنێتە شوێنی.
 
بەشێک لە یاریزانەکان ئامۆژگاری خاوەنەکانی چێڵسی دەکەن بۆ هێنانی راهێنەرێکی نوێ. لانیکەم بۆ سەرەتای وەرزی 2024-2025، ئەگەرچی پێناچێت خاوەنەکانی یانەکە پەلە بکەن لە دەرکردنی پۆچێتینۆ، چونکە پێیانوایە ئەوان لە سەرەتای پڕۆژەکەدان و سەرکەوتن ماوەیەکی دەوێت.