هالاند: دیسانەوە دەتوانین پرێمەرلیگ ببەینەوە

01-04-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی، هێشتا هیوای گەڕانەوە و بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگی ماوە و پەیامێک بڵاودەکاتەوە، دوای ئەوەی لە یاریی لووتکەی پرێمەرلیگدا، مانچێستەر سیتی لەگەڵ یانەی ئارسیناڵ یەکسانبوو. 
 
لە گەڕی 30ـی پرێمەرلیگدا، مانچێستەر سیتی لە نێو یاریگەی ئیتیحاد میوانداری ئارسیناڵی کرد، لە یارییەکدا کە هاندەرانی سیتیزنس چاوەڕێی بردنەوەی یارییەکە و بەردەوامیدان بە رکابەری لەسەر نازناوی خولەکەیان دەکرد، بەڵام یانەکەیان تووشی یەکسانبوون هات و بەمشێوەیە سێ خاڵ کەوتە دوای لیڤەرپوولی پێشەنگ و جیاوازییەکەی لەگەڵ ئارسیناڵی دووەمیشدا بە خاڵێک مایەوە. 
 
دوای یارییەکە، پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتی رایگەیاند کە یانەکەی ئێستا بەربژێری سێیەمن بۆ بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ لە دوای هەریەکە لە لیڤەرپوول و ئارسیناڵ، بەڵام ئێرلینگ هالاند پێدەچێت هێشتا هیوایەکی زۆری بە بردنەوەی نازناوەکە مابێت، ئەو یاریزانە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامدا دەڵێت "پێشتر جارێک ئەنجاممانداوە، دیسانەوە دەتوانین ئەنجامی بدەینەوە!"
 
پێدەچێت هالاند لە پەیامەکەیدا باسی وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ بێت، کە تێیدا یانەی مانچێستەر سیتی تاوەکو دوایین هەفتەکانی خولەکە لە دوای ئارسیناڵەوە بوو، بەڵام دواتر توانی پێشەنگی ریزبەندییەکەی لێوەربگرێتەوە و نازناوی پرێمەرلیگ بەدەستبهێنێت. 
 
مانچێستەر سیتی مانگێکی پڕ لە یاریی بەهێز و چارەنووسساز چاوەڕێی دەکات، یانەکە سەرەتا لە پرێمەرلیگدا رووبەڕووی ئاستن ڤێلا و کریستاڵ پاڵاس دەبێتەوە، دواتر لە یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، دەچێتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ و دەبێتە میوانی ریال مەدرید. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە