ڤیدیۆ؛ هێرشبەرە کوردەکە لە دوایین خولەکدا یانەکەی لە دۆڕان رزگارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

دێنیز ئونداڤ، هێرشبەری کوردی یانەی شتوتگارت سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ رزگاربوون لە دۆڕان و لە دوایین خولەکدا گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 27ـی خولی ئەڵمانیا، یانەی شتوتگارت میوانداریی یانەی هێدنهایمی کرد و هەردوو یانە لە یارییەکی پڕ گۆڵدا بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.
 
لە خولەکی 41 سێرهۆ گێراسی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی شتوتگارت تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە بەو گۆڵە لە بەرژەوەندی خاوەن یاریگە کۆتاییهات.
 
لە لە خولەکی 53 ئانگێلۆ ستیلەر، بە ئاسیستی دێنیز ئونداڤ، گۆڵی دووەمی بۆ شتوتگارت تۆمارکرد.
 
دوای ئەم دوو گۆڵە، هێدنهایم ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، لە خولەکی 62 ئەلیکساندەر نوبل، بەهەڵە گۆڵێکی لە خۆیان کردەوە و ئەنجامەکەی بۆ ئەو یانەیە کەمکردەوە.
 
تیم کلیێندیێست لە دوو خولەکدا دوو گۆڵی دیکەی بۆ هێدنهایم تۆمارکرد، یەکێکیان لە خولەکی 84 و ئەوەی دیکە لە خولەکی 85، بەمەش شتوتگارت کەوتە دۆخێکی خراپ و نزیکبوو لە یاریگەی خۆیدا سێ خاڵ لەدەستبدات.
 
لە خولەکی 96 نیکۆلا دۆڤێدان، یاریزانی هێدنهایم بەهۆی تووند یارییکردنەوە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
لە دوایین خولەکی یارییەکەدا، دێنیز ئونداڤ، هێرشبەرە کوردەکەی خەڵکی روهای باکووری کوردستان و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، رێگەی نەدا شتوتگارت بدۆڕێت و بە تۆمارکردنی گۆڵێکی جوان ئەنجامەکەی بۆ یانەکەی یەکسانکردەوە.
 
یارییەکە بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، شتوتگارت 57 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە، هێدنهایم بە کۆکردنەوەی 30 خاڵ لە پلەی یازدەیەمە.