بارسێلۆنا ئەرکی ئاسانە و دەیەوێت زیاتر لە بردنەوەی لالیگا نزیکببێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی و زیادکردنی جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدرید، یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئێلچی یارییدەکات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 27ـی لالیگادا، بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندی خولەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی ئێلچی دەبێتەوە، بەشێکی یاریزانەکانی یانە کەتەلۆنییەکە بەهۆی پێکان و وەرگرتنی کارتی زەردەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
 
هەریەکە لە ئاندریاس کریستێنسن، پێدری، دی یۆنگ، عوسمان دێمبێلی بەهۆی پێکان و رافینیا بەهۆی وەرگرتنی کارتی زەردەوە ناتوانن لە پێکهاتەی چاڤیدا یاوەری تیپەکە بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەتەلۆنییەکان بە ئامانجی بردنەوەی سێ خاڵ و درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانیان دەچنە شاری ئێلچی.
 
بارسێلۆنا لە یاری یەکەمی نێوانیان لەم وەرزەدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر یانەکە بەدەستهێناوە و لە دوایین 23 یاریی نێوانیاندا ئێلچی هیچ یارییەکی لە بلاوگرانا نەبردووەتەوە و دوایین دۆڕانی بارسا بەرامبەر ئەو یانەیە بۆ ساڵی 1974 دەگەڕێتەوە.
 
بارسێلۆنا ئێستا لە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیا خاوەنی 68 خاڵە و 12 خاڵ لە ریال مەدریدی دووەمەوە دوورە، یانەی ئێلچی لە 26 گەڕی رابردوودا تەنیا دوو یاریی بردووەتەوە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی تەنیا 13 خاڵ.