رووداو هەولێر
یارییەکانی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق. لە هۆڵی زوبێری شاری بەسرە دەستیپێکرد و یانەکانی هەولێر و پێشمەرگەی سلێمانی دوو سەرکەوتنی گرنگیان نووسییەوە.
یارییەکانی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق بە بەشداری یانەکانی هەولێر، پێشمەرگەی سلێمانی، شورتە لەگەڵ غازی جنووب بەشێوازی چوار قۆناخ بەڕێوەدەچن.
لە دەستپێکی قۆناخی یەکەمدا یانەی غازی جنووب پاڵەوانی چوار وەرزی رابردووی خولی نایابی بالەی عێراق بەپاڵپشتی ژمارەیەکی زۆری هاندەر میوانداری یانەی هەولێری کرد، کوڕانی هەولێر دوای پیشاندانی ئاستێکی بەرز یارییەکەیان بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە دوو گێم بردەوە، یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی نمایشکردووە و سێیەمجارە یانەی غازی جنووب تووشی شکست دەکات.
نەوزاد شێرزاد، کاپتنی تیپی بالەی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئێمە ئەمساڵ بەڵێنمان بە هاندەرانمان دابوو بگەینەوە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین، لێرەوە چاوممان لە ئەنجامێکی گەورەیە و دەمانەوێت شەڕی نازناو بکەین".
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی نوێنەرێکی دیکەی کوردستانە لە خولەکەدا، پێشمەرگەکانی سلێمانی یارییان لەگەڵ یانەی شورتە کرد، تیپەکەی سلێمانی یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە دوو گێم بردەوە.
ئەمڕۆ شەممە لە گەڕی دووەمی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین یارییەکان بەمشێوەیە دەبن:
هەولێر - پێشمەرگەی سلێمانی کاژێر 9ی شەو
شورتە - غازی جنووب کاژێر 11ی شەو
فیدراسیۆنی بالەی عێراق سەرپەرشتی خولی نایاب دەکات، پاڵەوانی خولەکە بەشداری خولی بالەی یانەکانی ئاسیا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ