گواردیۆلا کڵۆپ و لیڤەرپوولی بە تووندی سزادا

01-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی یاریی لووتکەی خولی ئینگلتەرای بردەوە و بەشێوەیەکی کاتی جیاوازییەکەی لەگەڵ یانەی ئارسیناڵی پێشەنگ کەمکردەوە.
 
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی 29ـی پرێمەرلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی لیڤەرپوول یارییکرد، پێکهاتەی گواردیۆلا سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا، سیتی یارییەکەی بە 4-1 بردەوە و سێ خاڵی دیکەی بەدەستهێنا.
 
سەرەتا لە خولەکی 17 محەممەد سەڵاح گۆڵێکی بۆ یانەی لیڤەرپوول تۆمارکرد، یەکەم یاریزانە لە دوای ئایان راشەوە لە چوار یاریی یەک وەرزدا بەرامبەر یانەیەک گۆڵ بکات و یانەی میوانی پێشخست.
 
دوای 10 خولەک لەو گۆڵە، جولیان ئەلڤارێز شەشەم گۆڵی خۆی لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ مان سیتی یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون کۆتاییهات.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا لە خولەکی 46 کیڤن دیبرۆین ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی مانچێستەر سیتی گۆڕی و گۆڵی دووەمی بۆ تیپەکەی تۆمارکرد، لە خولەکی 54 ئیلکای گوندۆگان گۆڵی سێیەمیشی تۆمارکرد و بۆ جاری سێیەم تۆری گۆڵی ئەلیسۆن بیکەری هەژاند.
 
لە خولەکی 74 جاک گرێلیش گۆڵی چوارەم و یەکلاکردنەوەی یارییەکەی لە بەرژەوەندیی مانچێستەر سیتی تۆمارکرد و هاندەرانی لیڤەرپوولی بەتەواوی بێهیواکرد.
 
لە یارییەکەدا ئێرلینگ هالاند بەهۆی پێکانەوە بەشداریی نەکرد و لەنێو پەیژەکانی یاریگەوە سەیری یارییەکەی دەکرد.
 
بەم بردنەوەیە مانچێستەر سیتی بووە خاوەنی 64 خاڵ و بەشێوەیەکی کاتی جیاوازییەکەی لەگەڵ ئارسیناڵی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بۆ 5 خاڵ کەمکردەوە، خاڵەکانی لیڤەرپوول لە 42 خاڵ وەستا و ئەگەری هەیە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی ئەم گەڕە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکە لەدەستبدات.
 
ئەمە یەکێک لە خراپترین وەرزەکانی یانەی لیڤەرپوولە و یانەکە لەم وەرزەدا 9 یاریی دۆڕاندووە، کە وەرزی 2019-2020 بەدرێژایی وەرزەکە 9 یاریی دۆڕاندبوو، بەڵام ئەم وەرزە هێشتا 9 یاریی ماوە کۆتاییبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە