بێکهام: ئەوەی لە مۆندیالی قەتەر بۆ هاندەران دەڕەخسێت دووبارە نابێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دەیڤد بێکهام، ئەفسانەی تۆپی پێی ئینگلتەرا، پەسنی ئامادەکارییەکانی قەتەر بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2022 دا و دووپاتیکردەوە کە نزیکی مەودای نێوان یاریگەکانی مۆندیال کاریگەرییەکی زۆر باشی بەسەر پاڵەوانێتییەکەدا دەبێت.
 
بێکهام لەو بارەیەوە روونیکردەوە، کە نزیکی یاریگەکانی مۆندیالی قەتەر لە یەکدی بۆ هاندەرانی تۆپی پێ زۆر گرنگە و ئەوان دەتوانن لە رۆژێکدا ئامادەی زیاتر لە یارییەک ببن و گوتی "لەوانەیە جارێکی دیکە ئەم هەلەیە لە مۆندیالدا بۆ هەوادارانی تۆپی پێ نەڕەخسێتەوە، کە بتوانن لە رۆژێکدا زیاتر لە یارییەک لەنێو یاریگەدا ببینن".
 
هەروەها گوتیشی "ئەمە گرنگی بۆ هەڵبژاردە و یاریزانانیش هەیە و لە ماندووبوونی گەشتی دوور و تاقەتپرۆکێنی نیوان شارەکان رزگارییان دەبێت".
 
بێکهام دووپاتیکردەوە کە ئەو دەیەوێت ئامادەی ئاهەنگی راکێشانی تیروپشکی مۆندیال ببێت، کە ئەمڕۆ لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ئەنجام دەدرێت.
 
کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە یارییەکانی مۆندیالی قەتەر لە کاتێکی نموونەییدا بەڕێوەدەچن و سوودێکی زۆر بە هەڵبژاردە بەشداربووەکان دەگەینێت و گوتی "یارییەکانی مۆندیال لە ناوەڕاستی وەرزی خولە نێوخۆییەکانی زۆربەی وڵاتاندا بەڕێوەدەچن، واتا یاریزانانی ئەو هەڵبژاردانە لە لوتکەی ئاستیاندا دەبن کاتێک بەشداری لە مۆندیالدا دەکەن".
 
بێکهام زیاتر لە بارەی تیروپشکی مۆندیالەوە، گوتی "بێگومان ئەنجامدانی تیروپشکی مۆندیال ساتێکی مێژوویی و گرنگە بۆ یاریزانان و هاندەرانی تۆپی پێ، چونکە ئاماژەیە بۆ نزیکبوونەوەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییە مێژووییەکە، کە هەر رۆژێک نزیکتر ببینەوە لە وادەی دەستپێکردنی مۆندیال حەماسەوت و پەرۆشیی جیهان زیاتر دەبێت".
 
یاریزانی پێشووی یانەکانی مانچێستەر یونایتد، ریال مەدرید، میلان و پاریس سانجێرمان، پەسنی رۆڵی قەتەر و رێکخەرانی مۆندیالی دا لە ئەنجامدانی ئاسانکاری لە هەموو روویێکەوە، بۆ ئەوەی شاندی هەڵبژاردە بەشداربووەکان و هاندەرانیش رووبەڕوویی هیچ زەحمەتی و بارقورسییەک نەبنەوە.