رووداو دیجیتاڵ
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی ئاشکرایکردووە، چاوەڕێی گەڕانەوەی هەردوو هێرشبەری باڵی یانەکەی دەکات کە بەهۆی پێکانەوە ماوەیەکی بەرچاوە لە یانەکە دابڕاون.
ئارتێتا دەڵێ، تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو، هەریەکە لە بوکایۆ ساکا و گابریێل مارتینێلی ناگەڕێنەوە یارییکردن و گەڕانەوەیان دەکەوێت پاش راوەستانی نێودەوڵەتیی داهاتوو.
ئارسیناڵ کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە ویستی زۆری بۆ بەدەستهێنانەوەی نازناوی پرێمەرلیگ پێشانداوە، لە دوایین یاریی خۆیدا لە پرێمەرلیگ، لەگەڵ نۆتێنگهام بەبێ گۆڵ یەکسانبوو. ئەو یەکسانبوونە وایکردووە یانەکە بەجیاوازیی 13 خاڵ بکەوێتە دوای لیڤەرپوولی پێشەنگ، لە کاتێکدا 11 گەڕی خولەکە ماوە.
ئارتێتا دەڵێ، "پێموایە ساکا و مارتینێلی، دوای راوەستانی نێودەوڵەتیی دەگەڕێنەوە. ئێمە دەبێ لە هەفتەکانی داهاتوودا بەوردی چاودێریی دۆخەکان بکەین تاوەکو هەنگاوی دروست بنێین".
راهێنەری ئارسیناڵ زیاتر دەڵێ، ئەوان بۆ چەندین یاریی گرنگ و ماوەیەکی زۆرە دوورکەوتنەوە، دەبێ هەوڵبدەین پلە بەپلە بیانخەینەوە نێو پێکهاتەکەمان.
هەروەها دەڵێ، "پێشبینی دەکەن گابریێل پێش بوکایۆ بگەڕێتەوە، بەڵام وادەی گەڕانەوەی بەتەواوی دیار نییە. لە چەند رۆژی داهاتوودا کاتی گەڕانەوەکەی روون دەبێتەوە".
ئارسیناڵ لە یارییەکانی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ لە هەردوو باڵە هێرشبەرییەکەی بێبەش دەبێت، لە کاتێکدا تیپەکە رووبەڕووی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ