ڤیدیۆ؛ فێناربەخچە لەسەر مۆرینیۆ سکاڵا لەدژی گاڵاتاسەرای تۆمار دەکات

01-03-2025
ئیحسان تاهیر
جۆزێ مۆرینیۆ
جۆزێ مۆرینیۆ
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ گاڵاتاسەرای
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یانەی فێنارباخچەی تورکی رایگەیاند کە سکاڵای یاساییان لەدژی یانەی گاڵاتاسەرای رکابەریان تۆمارکردووە بەهۆی "پێشێلکردنی مافە کەسییەکانی" جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەریان.
 
گاڵاتاسەرای، مۆرینیۆی تۆمەتبار کردووە بە لێدوانی رەگەزپەرستانە دوای یارییەکەی نێوان ئەو دوو یانەیە و لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە "بەبێ دوودڵی مۆرینیۆ زمانێکی نامرۆڤانەی بەکارهێناوە"، دوای ئەوەی راهێنەری پۆرتوگالی سەبارەت بە یەدەگەکانی گاڵاتاسەرای گوتی "وەک مەیموون بازیان دەدا".
 
فێنارباخچە ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە و رایگەیاند "ئەو لێدوانانە مۆرینیۆ بەئەنقەست لە چوارچێوەی خۆی دەرهێنراون و بەشێوەیەکی چەواشەکارانە شێوێنراون". هەروەها دووپاتیکردەوە "دەستی بە رێوشوێنی یاسایی کردووە بۆ وەرگرتنەوەی نزیکەی 52 هەزار دۆلار وەک قەرەبوو".
 
لە بڵاوکراوەکەی فێنارباخچەدا هاتووە "بەڕای گشتی رایدەگەیەنین کە بەهۆی پێشێلکردنی مافە کەسییەکانی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەرمان، لەلایەن پارێزەرانی یانەی گاڵاتەسەرایەوە، داوایەکی یاساییمان بۆ قەرەبووکردنەوە بەبڕی ملیۆنێک و 907 هەزار لیرەی تورکی تۆمارکردووە".
 
پێدەچێت ژمارەکە ئاماژە بێت بۆ دامەزراندنی یانەی فێنارباخچە لەساڵی 1907، کە ئەو ژمارەیە لەسەر لۆگۆی یانەکەیە.
 
گاڵاتاسەرای لەم هەفتەیەدا رایگەیاند "مۆرینیۆ بەردەوام لێدوانی سووکایەتیپێکەری ئاراستەی گەلی تورکیا کردووە"، بۆیە پلانیان هەیە رێوشوێنی تاوانکاری لەسەر "قسە رەگەزپەرستەکانی" راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بکاتەوە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا هەفتەی رابردوو مۆرینیۆی بۆ چوار یاری سڕکرد و  بڕی یەک ملیۆن و 600 هەزار لیرەی تورکیشی پێبژارد، بەهۆی ئەو لێدوانانەی کە دوای یارییەکەی گاڵاتاسەرای سەبارەت بە ناوبژیوانانی تورکیا کردبووی.
 
مۆرینیۆ ساڵی رابردوو لە یانەی رۆمای ئیتاڵییەوە رووی کردە تورکیا، دوای ئەوەی راهێنەرایەتی چەندین یانەی گەورەی ئەورووپای کرد، وەک چێڵسی، مانچێستەر یونایتد، ریال مەدرید و ئینتەرمیلان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە