هاوڕێیەکی ئێمباپێ رۆیشتنی یاریزانەکە پشتڕاستدەکاتەوە

01-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان لە بەجێهێشتنی یانەکەی نزیکبووەتەوە و هاوڕێیەکیشی بۆ یەکەمجار لەو بارەیەوە قسە دەکات.
 
ئێمباپێ لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتاییدێت، یاریزانەکە بە پاریس سانجێرمانی گوتووە گرێبەستەکەم نوێناکەمەوە و دەمەوێت لە یانەکە بڕۆم، ئەمەش هەموو هاندەرانی تۆپی پێی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و چاوەڕێی یەکلابوونەوەی داهاتووی یاریزانەکە دەکەن.
 
مارکۆ ئاسێنسیۆ، یاریزانی ئیسپانی و یانەی پاریس سانجێرمان کە هاوڕێی کیلیان ئێمباپێیە لەو بارەیەوە دەڵێت "پێدەچێت ئێمباپێ بڕوات، لە دەرەوەی زۆر باسی ئەو بابەتە دەکرێت، بەڵام لە نێو ژووری جلگۆڕیندا ئێمە باسی ئەم بابەتە ناکەین، بیرکردنەوەمان لای شتەاکنی دیکەیە، ئەوە بابەتێکە لە دەرەوەی زۆر باسی دەکرێت، بەڵام لە نێوخۆدا بەو شێوەیە نییە."
 
مارکۆ زیاتر دەڵێت "ئێمباپێ یاریزانێکی نایابە، لە هەموو یارییەکدا ئاستێکی بڕواپێنەکراوی هەیە و یەکلاکەرەوەیە، لە هەموو یارییەکدا بەشدارییەکی کارای هەیە، ئەوە سەرسامم ناکات، چونکە پێشتر بینیبووم، ئەو نوێنەرایەتییەکی راستەقینە دەکات."
 
ئەم قسانەی مارکۆ ئاسێنسیۆ لەبارەی داهاتووی کیلیان ئێمباپێ لەکاتێکدایە، بەر لە یاریی پاریس سانجێرمان بەرامبەر یانەی مۆناکۆ، لە رکابەرییەکانی خولی فەرەنسا کە ئەمشەو دەکرێت، لویس ئێنریکێ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "تاوەکو ئەو کاتە لایەنەکانی دیکە پشتڕاستی نەکەنەوە، من نامەوێت هیچ شتێک لەبارەی ئەوەوە بڵێم، چونکە پێویست ناکات پێش ئەوان بۆچوونی خۆم بدەم، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کە دۆخەکە لە پەرەسەندندایە و وەکو هەمیشە من چاوم لە بەرژەوەندییەکانی تیپەکەمە."
 
ئێمباپێ لە ساڵی 2018ـەوە لە پاریس سانجێرمان یاریی دەکات، هاوینی 2022 گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێکردەوە، بەندێک لە گرێبەستەکەیدا هەبوو کە رێگەی دەدا تاوەکو هاوینی 2025 لە یانەکە بمێنێتەوە، بەڵام هاوینی رابردوو یاریزانەکە رایگەیاند کە کار بەو بەندەی گرێبەستەکەی ناکات و تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکە بەردەوامدەبێت.
ئێمباپێ و ئاسێنسیۆ



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە