رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید چەند هەواڵێکی خۆش دەداتە هاندەرانی یانەکەی، بەر لە یارییکردنیان بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا.
رۆژی شەممە یانەی ریال مەدرید لە رکابەرییەکانی لالیگادا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا یاریی دەکات، کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی شاهانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و چەند هەواڵێکی خۆشی دایە هاندەرانی یانەکە.
کارلۆ ئەنچێلۆتی لەبارەی یارییەکەوە دەڵێت "هەموو یارییەکان گرنگن، بەتایبەت یارییەکەی سبەی، بەدەستهێنانی خاڵ لە یاریگەی مێستایا هەمیشە زەحمەت بووە و یاریزانانی تیپی بەرامبەر ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکەن، بەڵام کارڤاخاڵ، کاماڤینگا، خوسێلۆ و بێلینگهام گەڕاونەتەوە و تیپەکەمان بەتەواوی ئامادەیە."
راهێنەری ریال مەدرید هەواڵە خۆشەکەی بۆ هاندەرانی یانەی شاهانە دووپاتکردەوە و گوتی "بێلینگهام 100٪ ئامادەیە و یاریی دەکات."
ئەنچێلۆتی هەواڵێکی دیکەی خۆشی بۆ هاندەرانی ریال مەدرید راگەیاند و گوتی "لە راستیدا سەرجەم یاریزانە پێکراوەکانمان بەر لە رۆژی 14-4 دەگەڕێنەوە و بۆ یاریی بەرامبەر ریال مایۆرکا ئامادەدەبن، گەڕانەوەی ئیدێر میلیتاو و تیبۆ کۆرتوا نزیکبووەتەوە."
کارلۆ زیاتر گوتی "کاتێکی دیاریکراو نییە، بەڵام ئێمە سوود لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییە نێودەوڵەتییەکان وەردەگرین و دوای یاریی رۆژی 14ـی نیسان بەرامبەر مایۆرکا ئەو لەگەڵمان دەبێت."
ریال مەدرید دەگەڕێتەوە یاریگەی مێستایا کە پێشتر لەو یاریگەیە رەگەزپەرستی بەرامبەر ڤینیسیۆس کراوە، لەو بارەیەوە پرسیار لە ئەنچێلۆتی کرا، کە قسەی لەگەڵ یاریزانەکە کردووە؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "هیچ شتێکی تایبەت نییە، ئەو ئامادەیە بۆ ئەوەی هەموو توانایەکی خۆی بخاتەگەڕ، تەنیا قسەمان لەبارەی ئەوەوە کردووە کە چۆن کێشە بۆ ڤالێنسیا دروستبکەین کە تیپێکی رێکخراو و باشە."
راهێنەری یانەی شاهانە دووپاتیدەکاتەوە کە ڤینیسیۆس لەرووی هزری و جەستەییەوە بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە.
لەبارەی ئاردا گولەرەوە پرسیار لە کارلۆ ئەنچێلۆتی کرا، راهێنەرە ئیتاڵییەکە لەبارەی یاریزانەکەوە گوتی "لە راستیدا پێموایە بۆ ئەوەی یاریزانێکی لاوی وەکو ئەو پێشبکەوێت پێویستی بە یاریکردن هەیە، بۆ ئەوەی کوالێتی خۆی پێشانبدات و دەبێت سەبرمان هەبێت بۆ ئەوە، من تێدەگەم کە دەبێت خولەکی زیاتری پێبدەین، بەڵام ئەوە لەگەڵ مەرجەکانی تیپەکە ناگونجێت، پێمخۆشە هاندەر بەهرەکانی ببینن."
شەوی شەممە لە رکابەرییەکانی گەڕی 27ـی لالیگا، یانەی ریال مەدرید کاژێر 23:00 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا یاریی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ