دوای دوو ساڵ نهێنییەکی زیدان ئاشکرا دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یاریزانێکی پێشووی یانەی ریال مەدرید کە لەگەڵ زینەدین زیدان یارییکردووە، نهێنییەکی ئەو راهێنەرە فەرەنسییە ئاشکرا دەکات، کە ئێستا هەمووان چاوەڕێی گەڕانەوەی دەکەن.
 
تۆماس گراڤێسن، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی دانیمارک و یانەی ریال مەدرید کە لە وەرزی 2005-2006 هاوشانی زینەدین زیدان، یاریی بۆ یانە ئیسپانییەکە کردووە، لەبارەی گفتوگۆیەکی خۆی و زیزۆ نهێنی نوێ ئاشکرا دەکات.
 
گراڤێسن لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا کە لەلایەن رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "دوو ساڵ لەمەوبەر قسەم لەگەڵ زیدان کرد، ئەو لەبارەی بژاردەکانی کە دەیەوێت راهێنەرایەتییان بکات پێی گوتم، ئەوانەی دەمەوێت راهێنەرایەتیان قبوڵ بکەم، یانەکانی مارسیلیا و ریال مەدرید و هەڵبژاردەی فەرەنسان."
 
لەبارەی ئەوەی زیدان دەتوانێت راهێنەرایەتیی مانچێستەر یونایتد بکات، یاریزانی پێشووی ریال مەدرید دەڵێت "راهێنەرە فەرەنسییەکە بەهرە و توانایەکی زۆری هەیە و ئەوەی پێشانداوە، ئەو تیپەی ئەو لە ریال مەدرید هەیبوو زۆر نایاب بوو."
 
گراڤێسن زیاتر دەڵێت "زیدان پێویستیی بە پارەیەکی زۆر دەبێت بۆ ئەوەی هەندێک یاریزانی نوێ بۆ مان یونایتد بگوازێتەوە، چونکە زۆر زەحمەتە لەگەڵ ئەم تیپەی ئێستای تێن هاگ بتوانرێت هیچ شتێک بکرێت."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا بەرگریکاری پێشووی دانیمارک گوتی "ئەگەر راهێنەرێکی گونجاو لە کاتێکی گونجاودا بێت، دەتوانێت بارودۆخەکە بگۆڕێت."
 
ئەم قسانەی تۆماس گراڤێسن، لەبارەی زینەدین زیدانەوە لەکاتێکدان، ناوی راهێنەرەکە بە چەند یانەیەکی گەورە بەستراوەتەوە، لەوانەش بایرن میونشنی ئەڵمانی، مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی و یوڤێنتوسی ئیتاڵی، بەڵام هێشتا زیدان بێدەنگە و بڕیاری لەبارەی داهاتووی خۆیەوە نەداوە.