یەکەم لێدوانی فەرمی پاریس سانجێرمان دوای ئێوارە خوانەکەی کۆشکی ئێلیزێ

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئێوارە خوانەکەی کۆشکی ئێلیزێ، کە کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان هاوشانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و تەمیم بن حەمەد ئەلسانی، میری قەتەر تێیدا ئامادەبوو، بۆ یەکەمجار لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانە فەرەنسییەکە قسەیکرد.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی لووتکەی گەڕی 2ـی خولی فەرەنسا، کە ئەمشەو پاریس سانجێرمان و مۆناکۆ کۆدەکاتەوە، لویس ئێنریکێ لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە قسەدەکات.
 
ئێنریکێ هاوشێوەی جارەکانی پێشوو بە رۆژنامەڤانانی گوت "تاوەکو ئەو کاتە لایەنەکانی دیکە پشتڕاستی نەکەنەوە، من نامەوێت هیچ شتێک لەبارەی ئەوەوە بڵێم، چونکە پێویست ناکات پێش ئەوان بۆچوونی خۆم بدەم، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کە دۆخەکە لە پەرەسەندندایە و وەکو هەمیشە من چاوم لە بەرژەوەندییەکانی تیپەکەمە."
 
راهێنەری پاریس سانجێرمان زیاتر دەڵێت "ئێمە لەبارەی داهاتووی تیپەکەوە قسەدەکەین، باس لەوە دەکەین کە دەمانەوێت چی بکەین، ئەوەی لەسەر منە وەکو راهێنەر ئەنجامی دەدەم و بەلای منەوە هەمیشە بەرژەوەندییەکانی تیپەکەم لەپێش بەرژەوەندیی تاکەکەسی یاریزانەکانەوەیە."
 
ئەم قسانەی راهێنەری پاریس سانجێرمان لەکاتێکدان، چەند رۆژێک لەمەوبەر لەکاتی سەردانی میری قەتەر بۆ فەرەنسا، کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان وەکو تاکە یاریزانی یانەکە بەشداریی لە ئێوارە خوانێکدا کرد، کە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا.
 
رۆژی پێنجشەممە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی ئەوەی کە قسەی لەسەر داهاتووی یاریزانەکە کردووە؟ گوتی " لە ئێوارە خوانەکەدا باسی داهاتووی ئێمباپێم نەکردووە، من ئەو کارە بۆ بەڕێوبەرانی پاریس سانجێرمان بەجێدەهێڵم."
 
کیلیان ئێمباپێ، ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە، یاریزانەکە لە هاوینی ئەمساڵدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت و گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە.