ریال مەدرید 100 ملیۆن یۆرۆ بە یاریزانێک دەدات

01-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید و چەند یانەیەکی دیکەی ئەوروپا رکابەری لەسەر گواستنەوەی ئەستێرەیەکی دیاری سێریا ئەی دەکەن، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا بیبەنە ریزەکانیان.
 
رۆژنامەی لاگازێتا دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵی دەڵێت " یانەی ریال مەدرید بە گرنگییەوە کار بۆ گواستنەوەی خڤیچا کڤارتسخێلیا، ئەستێرەی جۆرجی و یانەی ناپۆلی دەکات و دەیەوێت یاریزانەکە بباتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ."
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کارگێڕیی ریال مەدرید ئامادەیە 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ دەستبەرداربوونی ناپۆلی لەو یاریزانە خەرجبکات، لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا.
 
جگە لە ریال مەدردی هەریەکە لە یانەکانی مانچێستەر سیتی، نیوکاسل یونایتد و پاریس سانجێرمانیش رکابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەن، بەتایبەت دوای ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەکەی باشووری ئیتاڵیا پێشکێشی دەکات.
 
یانەی ناپۆلی نایەوێت بە ئاسانی دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت، پێشتر دی لاورێنتس، سەرۆکی ئەو یانەیە رایگەیاندبووە، هەریەکە لە ڤیکتۆر ئۆسیمێن و کڤارتسخێلیا، لەگەڵ یانەکە دڵخۆشن و ماوەیەکی درێژ دەمێننەوە، بەڵام هەرگیز ناڵێین هەرگیز، چونکە دەکرێت لە بوونی گرێبەستێکی شێتانەدا رازی بین بە رۆیشتنیان.
 
کڤارا ناوێکی دیارە لە خولی ئیتاڵیا و ئەوروپادا، یاریزانەکە تەمەنی 22 ساڵە، گرێبەستەکەی ناپۆلی لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت، نرخی گواستنەوەی لە بازاڕی گواستنەوەدا دەگاتە 60 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام ناپۆلی بە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری یاریزانەکە نابێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە