بارسێلۆنا چارەنووسی لیڤاندۆڤسکی بۆ کلاسیکۆ یەکلا دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بڕیاری خۆی لەبارەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ئەستێرەی تیپەکە، لە ئەگەری یاریکردن یان یارینەکردن لە یاری کلاسیکۆدا بەرامبەر ریال مەدرید ئاشکرا کرد.
 
ریال مەدرید شەوی پێنجشەممە، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری بارسێلۆنا دەکات لە یاریی چوونی نیوەی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا.
 
بارسێلۆنا رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو کە لیڤاندۆڤسکی کێشەی لە ماندووبوونی بەرستەرەکانی ئەژنۆی چەپیدا هەیە و هەندێک سەرچاوەش ئاماژەیان بەوەدابوو کە لیڤا پێویستی بە 15 رۆژ پشوو هەیە بۆ چاکبوونەوە لە پێکانەکەی. بەڵام بارسا هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ماوەی دوورکەوتنەوە و ئەگەری بەشدارینەکردنی ئەو هێرشبەرە لە یاری کلاسیکۆدا نەدابوو.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی رایگەیاندووە، لیڤاندۆڤسکی بەشداری لە یاری کلاسیکۆ بەرامبەر ریال مەدرید ناکات لە جامی شا، ئەمە جیا لە بەشدارینەکردنی لە یاری یانەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا لە لالیگا کە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
 
بەپێی رۆژنامەکە، بارسێلۆنا سەرکێشی بە لیڤاندۆڤسکییەوە ناکات لەم کاتە هەستیارەی وەرزەکەدا، هەرچەندە کە پێکانەکەی مەترسیدار نییە، بەڵام یانەکە پێیوایە کە ماندووبوونی ماسوولکە ئەگەر پشووی لەسەر وەرنەگرێت، دەبێتە پێکانێکی بەردەوام بەهۆی یاریکردنەوە.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا هیواخوازە لیڤا لە یاری رۆژی 12ی ئەم مانگەدا لە لالیگا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو، توانای گەڕانەوە و بەشداریکردنی هەبێت کە یەکێکە لە قورسترین وێستگەکانی سەرەڕێی بارسێلۆنا بەرەو نازناوی لالیگا.