قسە گوتن بە زیدان تاوەکو دەست لە کار کێشانەوە

01-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن زینەدین زیدان نوێل لۆ گرێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوێل لۆ گرێ، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا دوای چەند کاژێریکی کەم لە دەست لە کارکێشانەوەی لە پۆستەکەی، پەشیمانبوونی خۆی لەو قسانەی راگەیاند کە بەرامبەر زینەدین زیدان کردبووی.
 
لۆ گرێ پێشتر لەبارەی زینەدین زیدانەوە گوتبووی " دەبێت زیدان پلانێکی روونی هەبێت بۆ ئەوەی یانەیەک یان هەڵبژاردەیەک داوای لێبکات ببێتە راهێنەری."، ئەم قسانەی ئەو بەرپرسەی تۆپی پێی فەرەنسا کاردانەوەی زۆر گەورەی بەدواداهات و ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە، دوای ئەوەش سەرۆکی فیدراسیۆنەکە داوای لێبوردنی لە زیدان کرد."
 
سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا بۆ رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی قسەیکردووە و دەڵێت " ئەوەی من گوتم بەهیچ شێوەیەک گونجاو نەبوو، کە ئەوە روویدا من تازە گەڕامەوە پاریس، کاتێک ئەو قسانەم کرد وەڵامی سێیەم رۆژنامەڤان بوو بدەمەوە لەبارەی زیدانەوە، لەگەڵ رۆژنامەڤانی یەکەم و دووەم زۆر دۆستانە قسەمان کرد، بەڵام ئەوەی سێیەمیان زۆر بەباشی لەبیرم نییە، بەڵام بە پەیوەندی تەلەفۆنی بوو."
 
لۆ گرێ زیاتر دەڵێت " هێندە ناژیرانە مامەڵەم کرد، دەکرا شەقێک لە خۆم بدەم، بەهۆی ئەو قسانەی کە کردم، دەبووایە هەرگیز ئەو قسانە نەکەم، بەڵام بە خێرایی داوای لێبوردنم کرد."
 
نوێل لۆ گرێ لەکاتێکدا ئەم قسانەی کرد کە پرسیاری ئەوەی لێکرا، رای چییە لەبارەی داواکاریی بەرازیل بۆ ئەوەی زیدان ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەکە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی ئەوە بەلای منەوە گرنگ نییە، پەیوەندیم پێیەوە نەکردووە و بیر لەوەش ناکەمەوە مۆبایلەکەم هەڵبگرم و پەیوەندیی پێوە بکەم."
 
دوای ئەم قسانە، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، هاوڕێ نزیکەکانی زینەدین زیدان، پێش هەمووان کیلیان ئێمباپێ و کەریم بنزیما، وەزیری وەرزشی فەرەنسا و چەندین کەسایەتیی دیکە بەرگرییان لە زیدان کرد و سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنساش داوای لێبوردنی کرد، پاشانیش دەستی لە کارکێشایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە