وردەکاریی دەستدرێژیکردنە سەر کچێک لە لایەن ئەشرەف حەکیمییەوە

01-03-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەشرەف حەکیمی سکانداڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزەری ئەشرەف حەکیمی، بەرگریکاری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دووپاتیکردوە کە ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ حەکیمی دوورن لە راستی و هەموو تۆمەتەکانی بە بەڵگەوە لەسەری لادەبات.
 
میدیاکانی فەرەنسا بڵاوکراوەیەکی فانی کۆلین، خانمە پارێزەری ئیتاڵییان بڵاوکردەوە، کە لەم کەیسەدا بەرگری لە بەرگریکاری نێودەوڵەتی مەغریبی دەکات و تێیدا هاتووە "تۆمەتەکانی سەر حەکیمی درۆی بێ بەڵگەن، هەروەها حەکیمی ئارامە و ئامادەیە لەبەردەم بەرپرسانی پەیوەندیدار بۆ لێکۆڵینەوە ئامادەبێت".
 
پارێزەرە ئیتاڵییەکە هەروەها پشتڕاستیکردەوە "کارگيڕیی پاریس سانجێرمان لای خۆیەوە لە پشت ئەو یاریزانە وەستاوە و بە تەواوی پشتگیری لێدەکات لەم کێشەیەدا".
 
بەر لە دوو رۆژ راپۆرتە رۆژنامەڤانیەکان ئاشکرایان کرد کچێکی تەمەن 24 ساڵ سکاڵایەکی لای پۆلیس تۆمارکردووە و ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە شەممەی رابردوو دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەری لە ماڵەکەی خۆیدا
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییە مەغریبییە بە کرێگرتنی ئۆتۆمبێلێکی (ئۆبێر) کچەکەی بانگهێشتکردووە بۆ ماڵەکەی خۆی، بە سوودوەرگرتن لە نەبوونی هاوژینەکەی و دوو منداڵەکەی لە ماڵەوە، کە بە گەشتێک لە دوبەی بوون.
 
کچەکە باس لەوە دەکات کە حەکیمی ئەوی بانگهێشتکردووە بۆ ماڵی خۆی، کە پێشتر لە 16ـی مانگی یەکی 2023 لە رێگەی سۆشیال میدیاوە یەکدیان ناسیوە و رۆژی 25ـی2ـی2023 کچەکە چووتە ماڵی ئەشرەف.
 
وەک کچەکە باسی دەکات، ئەو نەیویستووە سێکس لەگەڵ ئەشرەف بکات، بەڵام حەکیمی هەوڵیداوە دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەری.
 
ئەو کچە دەڵێت "نامەیەکم بۆ کچەهاوڕێیەکم نارد بۆ ئەوەی بە هانامەوە بێت و دۆخی من ببینێت، چونکە ئەشرەف دوای ئەوەی جلەکانی منی لەبەرمدا دڕاند لێشیدام، منیش شەقێکم لێیدا و لە ماڵەکەی رامکرد".
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ئامادەنەبوونی ئەشرەف حەکیمی لە یارییەکەی ئێل کلاسیکۆ بەرامبەر مارسیلیا، لە ئێوارەی یەکشەممەی رابردوو، بە رووداوەکە بەستەوە، بەهۆی سکاڵای کچەکەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە