سپارتاک مۆسکۆ لەسەر دوورخستنەوەی لە یۆرۆپالیگ هاتە دەنگ
رووداو دیجیتاڵ
یانەی سپارتاک مۆسکۆی رووسی ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بڕیاری یوفا بە دوورخستنەوە لە رکابەرییەکانی یۆرۆپالیگ پێشاندا و دەڵێت " پێویستە وەرزش پردەکان دروستبکات نەک لەنێویان ببات."
یانە رووسییەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر هەڵوێستی هەردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، بۆ سزادانی هەڵبژاردە و تیپە وەرزشییەکانی رووسیا پێشاندا و تانە لەو بڕیارانە دەدات کە لە دژی ئەوان دراون و دووپاتیدەکاتەوە کە وەرزش پردی پەیوەندییەکان بێت نەک لەنێویان ببات.
یانەکە لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت " بڕیاری فیفا و یوفا ئێمە تووشی نیگەرانی کرد، سەرەڕای ئەوەی چاوەڕوانکراو بوو، بەداخەوە، هەموو هەوڵەکانی تیپەکەمان لە یۆرۆپالیگدا بەهەدەر چوو، بەهۆی چەند هۆکارێکی تەواو دوور لە وەرزشەوە."
سپارتاک مۆسکۆ زیاتر نووسیوویەتی " سپارتاک خاوەنی ملیۆنان هاندەرە، نەک تەنیا لە رووسیا، بەڵکو لە هەموو جیهان، سەرکەوتن و شکستەکانمان بەبەشداریی دەیان کەس بووە لەسەر ئاستی وڵاتە جیاوازەکان، تەنانەت لە سەختترین بارودۆخەکانیشدا دەبێت وەرزش ببێتە هۆی دروستبوونی پردی پەیوەندییەکان، نەک لەنێوبردنیان."
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا سپارتاک مۆسکۆ دەڵێت " بڕیارەکە بە دڵی ئێمە نییە، بەڵام دەبێت پابەند بین پێیەوە، سپارتاک بیر لە خول و جامی رووسیا دەکاتەوە و هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو ئاشتییە بگەڕێتەوە کە پێویستە."
راگەیێنراوی سپارتاک مۆسکۆ، دوای ئەوە دێت کە هەردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، بڕیارییاندا هەموو هەڵبژاردە و یانەکانی رووسیا لە سەرجەم چالاکی و پاڵەوانێتییە وەرزشییەکان دووربخرێنەوە.
دوای ئەم بڕیارەش یانەی لایپزیگی ئەڵمانی بە سوود وەرگرتن لە دوورخستنەوەی سپارتاک مۆسکۆ، راستەوخۆ گەیشتە قۆناخی هەشتی یۆرۆپالیگ.