یوفا گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیا گازپرۆم هەڵوەشاندەوە

رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) بڕیاریدا گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیا گازپرۆمی رووسی هەڵوەشێنێتەوە، لە سەرجەم ئەو پاڵەوانێتییانەی کۆمپانیاکە سپۆنسەریان بوو، بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.
 
یوفا لەو بارەیەوە لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا، دووپاتیکردەوە کە بڕیارەکەی بەپەلەیە و لەو چرکەیەوە هیچ رێککەوتن و گرێبەستێکی لەگەڵ گازپرۆم نامێنێت، کە بڕیاربوو تاوەکو 2024 بخایەنێت.
 
بەپێی گرێبەستێکی کە لە 2012 لە نێوان یوفا و گازپرۆمدا واژۆ کرابوو، کۆمپانیا زەبەلاحەکەی رووسیا ببووە سپۆنسەری کۆمەڵێک پاڵەوانێتی سەر بە یوفا، کە بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، نرخی گرێبەستەکە 30 ملیۆن پاوەند بوو بۆ هەر وەرزێک.
 
یوفا بەو پارەیەی لە گازپرۆم وەریدەگرت، خەرجییەکانی چامپیۆنزلیگ و پاڵەوانێتییەکانی دیکەی دابین دەکرد، زێدەباری یۆرۆی 2024 کە بڕیارە ئەڵمانیا میوانداری بکات.
 
وەک یەکەم یانەی تۆپی پێ، یانەی شاڵكە هەفتەی رابردوو لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بڕیاریدا گرێبەستە مێژووییەکەی لەگەڵ کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی هەڵبووەشێنێتەوە و ناو و لۆگۆکەی لەسەر درێسی یانەکەی لاببات، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە دژی ئەو هێرشانە.
 
یانە ئەڵمانییەکە بۆ یەکەمجار لە دوای 13 ساڵ بەبێ لۆگۆ و ناوی گازپرۆمی رووسییەوە دەرکەوت و بە سپۆنسەرێکی نوێوە دوایین یاریی خۆی ئەنجامدا، کە لە خولی بوندێسلیگای دووی ئەڵمانیا بەرامبەر یانەی کارلسرور یاریکرد و 1-1 یەکسانبوون.