فیفا و یوفا بە تووندی رووسیا سزا دەدەن

01-03-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فیفا یوفا شەڕی رووسیا و ئۆکراینا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) و یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) بڕیاریاندا تۆپی پێی رووسیا بە تووندی سزا بدەن، بەهۆی هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.
 
فیفا و یوفا بەفەرمی رایانگەیاند کە هیچ یانەیەکی رووسی و هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەو وڵاتە رێگەیان پێنادرێت بەشداری لە هیچ پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتیدا بکەن، بە یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەریشەوە.
 
ئەم بڕیارەی فیفا و یوفا، کە تاوەکو کاتێکی نادیار کاری پێدەکرێت، وەک سزایەکە بۆ رووسیا بەهۆی ئەو جەنگەی لە دژی ئۆکراینای دراوسێی هەڵیگیرساندووە.
 
بڕیاربوو هەڵبژاردەی رووسیا دوای 3 هەفتەی دیکە میوانداری یارییەکانی ئاراستەی بی لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر بکات، کە رووسیا و پۆڵەندا رووبەڕووی یەک دەبوونەوە و براوەکەیان لەگەڵ براوەی یاریی چیک و سوێد یاریی گەیشتن بە مۆندیالی دەکرد، بەڵام بەپێی ئەم بڕیارە نوێیەی فیفا و یوفا، هەڵبژاردەی رووسیا دەردەکرێت و هیچ دەرفەتێکی لەپێشدا نامێنێت بۆ بەشداری کردن لە مۆندیالی قەتەر.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا هەروەها بڕیاری سزادانی یانەی سپارتاک مۆسکۆی رووسی دا و رێگەی پێنادات لە یۆرۆپالیگدا، کە دووەم گەورەترین پاڵەوانێتی ئەوروپایە لەسەر ئاستی یانەکان، بەشداری بکات.
 
سپارتاک مۆسکۆ گەیشتبووە قۆناخی 16ـی یۆرۆپالیگ و بڕیاربوو لە 10 و 17ـی ئەم مانگە دوو یاریی چوون و گەڕانەوە بەرامبەر یانەی لایپزیگی ئەڵمانی بکات، بەڵام بەپێی ئەم بڕیارەی یوفا یانە رووسییەکە دەچێتە ماڵەوە و ئەڵمانییەکەش راستەوخۆ بلیتی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە وەردەگرێت.
 
رووسیا مافی ئەوەی هەیە لای دادگای ناوبژیوانیی وەرزشی لە لۆزان تانە لە بڕیارەکانی فیفا و یوفا بدات، بەڵام تاوەکو هێرشی داگیرکاری ئەو وڵاتە لە دژی ئۆکراینا بەردەوام بێت، پێناچێت تانە لێدانەکەی رووسیا، ئەگەر بیکات، هیچ سوودێکی هەبێت.
 
دوای رووبەڕووبوونەوەی گوشارێکی زۆر، لە لایەن ئەوروپییەکانەوە، بەتایبەتیش لە لایەن پۆڵەندا، سوێد و چیکەوە، بۆ ئەوەی رووسیا لە مۆندیال دەربکات، کە ئەوان هەر زوو رەتیان کردەوە بچنە خاکی رووسیا و بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە یاری بکەن کە سەرقاڵی کوشتنی خەڵکی وڵاتێکی دراوسێ و رووخاندنی تەواوی وڵاتەکەیە، فیفا سەرەتا  بڕیاریدا هیچ یارییەکی نێودەوڵەتی لە رووسیا بەڕێوەنەچێت و هەڵبژاردەکانی ئەو وڵاتەش لە دەرەوەی خاکی خۆیان یاریی بکەن، بەڵام دوای ئەوەی گوشارەکان زیاتر بوون، فیفا و یوفا بڕیاریاندا یانە و هەڵبژاردەکانی رووسیا بە تەواوی لە پاڵەوانێتی و بۆنە وەرزشییەکاندا دەربکرێن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە