مۆنچی لەبارەی دەرنەکردنی مێسی بە کارتی سوور: گریانەکە کاری خۆی کرد

01-03-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مێسی کۆندێ رۆناڵد کۆمان مۆنچی
A+ A-

رووداو دیجیتال

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، هۆکاری ئەو ناکۆکییەی نێوان مۆنچیی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی سێڤییا و رۆناڵد کۆمانی راهێنەری بارسێلۆنا ئاشکراکرد، لە کاتی یاریکردنی یانەکانیان لە یاریگەی رامۆن سانچێز پێزخوان .

بارسا له گەڕی  25ـی لالیگادا به ئەنجامی 2 - 0 لە سێڤییای بردەوە و لەو یارییەدا بینرا کە مۆنچی هاواریدەکرد "گریانەکە کاری خۆی کرد".

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، هۆکاری ئەو مشتومڕەیان ئاشکراکرد، کە بەهۆی کاردانەوەی مۆنچی لەسەر پەیژەکانی یاریگەکە روویدا، کاتێک ناوبژیوانی یارییەکە چاوپۆشی کرد لە پێدانی کارتی سوور بە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی بارسێلۆنا. 

مێسی لەو یارییەدا یەکەم کارتی زەردی لە خولەکی 44ـی یارییەکەدا وەرگرت، دواتر لە دیمەنێکی دیکەدا هەڵەیەکی بەرامبەر کۆندێ کرد، کە ستافی یەدەگی سێڤییا داوای کارتی دووەمی زەردیان بۆ مێسی لە ناوبژیوانەکە کرد، بەڵام ئەو ئامادەنەبوو مێسی بە کارتی سوور دەربکات، ئەوکات مۆنچی تووشی هەڵچوون بوو.

دوای ئەوەی ناوبژیوان پشتی لە مێسی کرد، مۆنچی لە سەر کورسییەکان هاواری کرد "گریانەکە کاری خۆی کرد"، کە بێگومان قسەکانی ئاماژەبوون بۆ ئەو گلەییانەی رۆناڵد کۆمانی راهێنەری بارسێلۆنا بوون، کە لە هەندێک پرێسکۆنفرانسەکانیدا لە ناوبژیوانان دەکات.

کۆمانی راهێنەری بارسێلۆنا، کە تەنیا چەند مەترێک لە مۆنچی دووربوو، هەڵوێستی هەبوو، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینییەکان، ئەو هیچ تووڕەبوونێکی نیشان نەدا و تەنیا بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانەوە بە پەنجەکەی نیشانەیەکی لایکی بۆ مۆنچی کرد.

چاوەڕوان دەکرێت یارییەکی دیکەی پڕ لە حەماسەت و رکابەری لەنێوان بارسێلۆنا و سێڤییا دا بکرێت، کە بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو یاری گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا، لە کامپ نودا ئەنجام بدرێت، کە لە یاری چووندا یانەکەی ئەندەلۆس بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر براوە بووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە