ئیکاردی بانگێشتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ناکرێت


رووداو - هەولێر

خۆرخی سامپاولی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نایەوێت ماورۆ ئیکاردی، هێرشبەر و کاپتنی یانەی ئینتەرمیلان بانگێشتی هەڵبژاردەکەی بکات بۆ رکابەرییەکانی جامی جیهانی رووسیا.

کەناڵی فۆکس سپۆرت رایگەیاندووە، سامپاولی بڕیارییداوە ئیکاردی بۆ هەڵبژاردەکەی بانگێشت نەکات، سەرەرای ئەوەی کە ئاستێکی بەرزی لەم وەرزەدا پێشکەشکردووە، بانگێشت نەکردنەکەشی پەیوەندیی بە خراپی پەیوەندیی ئەو یاریزانە لەگەڵ بەشێکی یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە هەیە.

پێشتر چەندین جار سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاندووە، لیۆنێل مێسی رێگرە لە بانگێشتکردنی یاریزانەکە بۆ ریزەکانی تانگۆ.

ئیکاردی تەنیا 4 یاریی بەدرێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئەنجامداوە، تەنیا گۆڵێکی دروستکردووە و ئامانجییەتی گۆڵێک بە درێسی هەڵبژاردەکەوە تۆماربکات.

ئیکاردی لەم وەرزەدا 24 یاریی بەدرێسی ئینتەرمیلان ئەنجامداوە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، 2104 خولەک یارییکردووە و 18 گۆڵی تۆمارکردووە.