رووداو هەولێر
شەرەفەدین محەممەدۆڤ، یاریزانی رووسی لە هونەرەکانی شەڕ، کە بە "هاوڕێی رۆناڵدۆ" ناسراوە، لەماوەی کورتی ژیانی وەرزشیی خۆیدا ناوبانگێکی گەورەی دروستکردووە، بەبردنەوەی هەر چوار یارییەکەی کە تاوەکو ئێستا ئەنجامی داون، بەڵام مشتومڕ لەسەر قەدەخەکردنی لە بەشداریکردن لەو یارییانەیە کە لە ئەمریکا ئەنجامدەدرێن، دروستبووە.
بەم دواییە ناوی محەممەدۆڤ زیاتر بڵاوبووەوە، دوای ئەوەی سەردانی مەشقەکانی یانەی نەسڕی سعودیەی کرد، کە لەوێ لەلایەن ئەستێرەکانی تیپەکەوە بەگەرمی پێشوازی لێکرا، بەتایبەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی.
چوارشەممەی رابردوو هەژماری فەرمی یانەی نەسڕ گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەسەر پلاتفۆرمی "X" بڵاوکردەوە کە تیایدا محەممەدۆڤ و رۆناڵدۆ لە کەشێکی ورووژێنەردا بەگژیەکداچوونەوە.
هەروەها ئەو جەنگاوەرە رووسییە بەدرێسی ژمارە 7ـی ئەستێرەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە دەرکەوت، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەیدا بۆ یەکێک لە شەڕەکانی لە وەرزی ریازدا.
ئەوەی جێگەی سەرنجە و مایەی پرسیارکردنە ئەوەیە کە ئەو شەڕکەرە بەشداری لە هیچ شەڕێکدا نەکردووە کە لەسەر خاکی ئەمریکا بەڕێوەچووە.
بۆچی لە ئەمریکا یاری ناکات؟
جێگای سەرنجە کە محەممەدۆڤ بەشداری هیچ شەڕێکی لەسەر خاکی ئەمریکا نەکردووە. لە ساڵی 2016 تووشی پێکان بووە لە چاوی راستیدا، بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە، هەشت نەشتەرگەری بۆ کراوە لە هەوڵێکدا بۆ رزگارکردنی بینینەکەی.
لە هەڤپەیڤینێکدا، محەممەدۆڤ روونیکردەوە "پێش نەشتەرگەرییەکە لەبنەڕەتدا لە دەرزی چاو دەترسام. لە نەشتەرگەریدا دەبوو دەرزییەکە لەناو چاودا بکرێت، ئەوەندە بەجۆرێک کە دەرهێنرا، واتدەزانی چاوت دەردێنن، هەرچەندە نیمچە بێهۆشکردنێکیش هەبوو".
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم برینە، پێناچێت لیژنەکانی سەرپەرشتی یارییەکە لە ئەمریکا رەزامەندی لەسەر شەڕکەرێک بەیەک چاو بدەن، ئەمەش لەوانەیە پاڵ بە محەممەدۆڤەوە بنێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەردەوام بێت لە شەڕکردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
جگە لەوەش، ئەگەری هەیە دانا وایتی سەرۆکی UFC ترسی کاردانەوەی نەرێنی لە ئەمریکا هەبێت بۆ پشتگیریکردنی کەسایەتییەکی مشتومڕاوی وەک محەممەدۆڤ، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە مانگی ئایاری 2022 لە مۆڵێکی بازرگانیدا شەڕێکی هەڵگیرساند بەهۆی ناڕەزایەتییەکەی بەرامبەر بە کردەوەی ژن و مێردێک.
شەرەفەدین محەممەدۆڤ، بەوە ناسراوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆی زۆر خۆش دەوێت و دژی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینییە، کە بەر لە چەند رۆژێک لە لێدوانێکدا، پەسنی رۆناڵدۆی دا و هێرشی کردە سەر مێسی و گوتی "کریستیانۆ باشترینە بەهۆی پڕەنسیپ و هەڵسوکەوتەکانی لە دەرەوەی یاریگادا، ئەو هەرگیز بێدەنگ نابێت و یارمەتی زۆر کەس دەدات. بەڵان مێسی، ئەو چی دەکات؟ یارمەتی خەڵکی خراپ دەدات خەڵکی باش بکوژن. بینیم کە ئەو سپۆنسەریی ئیسرائیل دەکات. دەبینن ئیسرائیل چی کردووە لە فەلەستین؟!".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ