کارلۆ ئەنچیلۆتی: 13 یاری لە 41 رۆژدا زۆرە

01-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچیلۆتی یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەڵێ، ئەنجامدانی 13 یاری لە 41 رۆژدا، مانای ئەوەیە هەر سێ رۆژ جارێک، دەبێ یارییەک ئەنجام بدەین و دووپاتیدەکاتەوە، ئەوە زۆرە.
 
ئەنچیلۆتی پاش روون بوونەوەی چارەنووسی یانەکەی لە پاشکۆی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، کە تێیدا رووبەڕووی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەبێتەوە، دەڵێ، "تاوەکو ماوەی یارییە نێودەوڵەتییەکانی داهاتوو کە رۆژی 13ی مانگی سێ دەکات، ئێمە دەبێ سیانزە یاریی ئەنجام بدەین، ئەمەش ژمارەیەکی زۆری یارییە و ئێمە پێویستە هەر یارییەکە بەجیاواز و گرنگ تەماشا بکەین"
 
ریال مەدرید، ئەمشەو کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، دەبێتە میوانی ئیسپانیۆل لە گەڕێکی نوێی لالیگا، راهینەری ئەو یانەیە دەڵێ هەر سێ رۆژ یارییەک، وادەکات ماوەی پلاندانان و بیرکردنەوەمان بۆ یارییەکان نەبێت، "هەر سێ رۆژ جارێک دەبێ یارییەک بکەین، ئەمە مانای ئەوەیە کە ماوەمان نابێت بۆ ئامادەکاریی تەواو بەرامبەر هەر تیپێک، ئێمە دەبێ تەنیا چاوەڕێی چاکبوونەوەی یاریزانەکان و ئامادەکاریی جەستەیی و پلانی ڤیدیۆیی بین. ئێستا ئێمە چاومان لەسەر بەردەوامبوونە لە ئەنجامە باشەکان، لە دوایین 14 یاریدا، 12 سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە، گوشاری یارییەکان تەڵەیەکە و هەموو تیپێک تێی دەکەوێت، بەڵام من پێموایە تیپەکەی ئێمە لە مانگی یەکدا باشتربووبوو".
 
ریال مەدرید بەر لە یارییەکەی ئەمشەو، پێشەنگی ریزبەندی لالیگای گرتووە بە 49 خاڵ و بەجیاوازیی پێنج خاڵ لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدریدی دووەمی ریزبەندییەکە و حەوت خاڵ، لەگەڵ بارسێلۆنای سێیەمی ریزبەندییەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە