رووداو دیجیتاڵ
یانەی سانتۆسی بەرازیلی، گرێبەستکردنی لەگەڵ نەیمار داسێلڤای ئەستێرەی بەرازیلی راگەیاند و ئەو یاریزانەی بەمیدیاکان و هاندەرەکانی ناساند.
نەیمار لە نێو پێشوازییەکی گەورە و گەرمی هاندەرانی سانتۆسدا لە یاریگەی یانەکەدا دەرکەوت و هەمووان ئەویان چەپڵەرێزان کرد.
گەڕانەوەی نەیمار بۆ یانەی سانتۆس، گەڕانەوەی ئەو ئەستێرە بەرازیلییە بوو بۆ ئەو یانەیەی کە لەسەرەتاوە ئەوی وەک ئەستێرەیەکی بەهرەمەند بەجیهان ناساند، بەرلەوەی روو لە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بکات.
نەیمار لە دوای دەرکەوتنەوەی بەدرێسی سانتۆسەوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، وەڵامی چەندین پرسیاری دایەوە، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لێیان پرسیووە، هەستت چۆنە پاش گەڕانەوە بۆ سانتۆس؟
ئەو دەڵێ، "لە کاتی مەشقەکانی رۆژانەدا وردە وردە هەستم بەخەمباری دەکرد، ئەمە بۆ من باشنەبوو، بەڵام بۆ عەقڵم باشبوو. دواتر هەلی گەڕانەوە رەخسا و منیش تەنانەت دووجار بیرمنەکردەوە. هەر لە رۆژی یەکەمەوە بڕیارمدا کە دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ سانتۆس. بەباوکمم وت کە هەموو شت باش دەبێت و سوپاس بۆ خوا. پێموایە هەمووان دڵخۆشن و منیش زۆر دڵخۆشم. خێزانەکەم دڵخۆشن، هەروەها هاوڕێکانم، ئەمەش کارێکی باشە. بەوزەیەکی نوێوە گەڕاومەتەوە، کاتێک قاچم خستە نێو یاریگەوە، هەستمکرد وەکئەوەی جارێکی دیکە بووبمەوە بە حەڤدە ساڵ. لێرە یەکەم رۆژی پیشەگەربوونم دەستپێکرد، لەبەرئەوە من دڵخۆشم، زۆر بەخۆشوخرۆشم بۆ یارییکردن".
گەڕانەوە بۆ یانەی سانتۆس، ترسی ئەوەی هێناوەتە ئاراوە نەیمار هەلی دەرکەوتنەوەی بەدرێسی بەرازیلەوە کەم ببێتەوە، بەڵام ئەو لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەو پرسەوە دەڵێ، "روونە کە دەمەوێت جارێکی دیکەش بۆ بەرازیل یاریی بکەمەوە، هەروەها دەمەوێت شتێکی دیکەی لەگەڵدا ببەمەوە، ئەوەش دوایین ئەرکی من دەبێت، هەموو هەوڵی خۆمدەدەم لەو پێناوەدا و ئامانجی تایبەتم هەیە و ویستی بەدەستهێنانی هەندێک شتم هەیە".
نەیمار چەندجارێک لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژە بەخۆشحاڵیی خۆی و ماڵباتەکەی دەدات، تەنانەت باسی لەوە کردووە کە لەگەڵ باوکیدا باسی سەرکەوتنیان کردووە، ئەو دەڵێ، "ئەمڕۆ تەنانەت نەنیکیشم لێرەبوو. کاتێک باوەشم پێداکرد، گوتی باوەڕم نەدەکرد ئەم ساتە بەچاوی خۆم ببینمەوە. بەلای منەوە ئەمە هۆکاری دڵخۆشییەکی زۆرە. ئامێزم بەباوکمداکرد، ئەوەش وەکئەوە وابوو بڵێم ئێمە سەرکەوتین، من سەرکەوتووم لە ژیانمدا، توانیم وەک لاوێک لێرە بچمە دەرەوە، هەموو جیهان بگەڕێم و وەک پاڵەوان بگەڕێمەوە ئێرە. ئامێزەکەمان وەک پشوویەک بوو. بەتایبەت کاتێک دەزانیت کە تۆ هەموو هەوڵی خۆتت داوە، هەموو ئەوەی لە تواناتدا بووە پێشکێشت کردووە، بەو شێوازە نایابەش پێشوازی لە گەڕانەوەت کراوە".
کاروانی نەیمار، لە سانتۆسەوە دەستپێکرد و بەرلە گەڕانەوە بۆ ئەو یانە بەرازیلییە، بە یانەکانی بارسێلۆنا، پاریس سانجێرمان و هیلالدا گوزەری کرد. ئەو ئاڵای ئاڵنگاری لە گەڕانەوەیدا بۆ سانتۆس بەرز دەکاتەوە و دەڵێ، "من نەهاتوومەتە ئێرە بۆ پیاسەکردن، بۆ ئەوەش نەهاتوومەتەوە تاوەکو لە ماڵەوە دابنیشم، هاتووم بەدوای دڵخۆشیی خۆمدا دەگەڕێم لە تۆپی پێدا، هەروەها هاوکاریکردنی سانتۆس بەباشترین شێوە. ژیانی خۆم بۆ ئەو ئامانجانە تەرخاندەکەم و هەموو رۆژ کاردەکەم بۆ دڵخۆشکردنی هاندەرانی سانتۆس و خۆشم. لەبەرئەوەی بوون لەم یانەیە و بەتایبەت لە یاریگەی بیلمیرۆ، خۆشی بەخشترین هەستت تێدا دروستدەکات".
ئەگەرچی نەیمار بەخۆڕایی و پاش هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ هیلالی سعودی، گەڕایەوە سانتۆس، بەڵام وەک سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی بەرازیل دەڵێن، مووچەی ئەو یاریزانە بەراورد بەو پارەیەی لە هیلال وەرگری گرتووە، زۆر کەمی کردووە و لە مانگێکدا نزیکەی 117 هەزار دۆلار وەردەگرێت و کۆی گشتیی داهاتی مانگانەی لەگەڵ یانەکە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ