رووداو هەولێر
یانەی گەرمە بە گرێبەستکردن لەگەڵ یوسف ئۆمارۆ، کاپتنی هەڵبژاردەی نەیجەر توانی ریکۆردی گرانترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێی عێراق بشکێنێت.
ئۆمارۆ بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەلایەن بەڕێوەبەری کارەکانی و دەستەی کارگێڕیی یانەی گەرمە پێشوازیلێکرا و دواتر بەرەو شاری روومادی بەڕێکەوت، بڕیارە هەر ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی یاریزانەکە بۆ میدیاکان نمایش بکرێت کە بڕی گرێبەستەکەی یەک ملیۆن یورۆیە.
عەلی وەحیدەدین، بەڕێوەبەری هونەری لە یانەی گەرمە، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "دەمێکە لەگەڵ یوسف ئۆمارۆ لەسەر هێڵێن یاریزانێکی ژیر و ئاستبەرزە و هێزێکی گەورە بە تیپەکەمان دەبەخشێت، ئێمە دڵنیاین کە سەرکەوتوو دەبێت لەگەڵمان".
پێشتر گرێبەستی ئەمجەد عەتوان لەگەڵ یانەی زاخۆ کە 650 ملیۆن دیناری عێراقی بوو، گرانترین گرێبەستی مێژووی تۆپی پێی عێراق بوو، بەڵام یانەی گەرمە بەهێنانی کاپتنی هەڵبژاردەی نەیجەر ئەو رێکۆردەی بەناوی خۆیەوە کرد.
یوسف ئۆمارۆ، لەدایکبووی 1993ـیە و باڵای 190 سانتیمەترە، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە، پێشتر لە یانەکانی ئیتیحاد مینستری، مەلعەب لەگەڵ تەرەجی تونسی یاریکردووە، لە 2015ـوە یاریزانی هەڵبژاردەی نەیجەرە و خاوەن گۆڵێکی نێودەوڵەتییە، باشترین ئەنجامی بەدەستهێنانی جامی سوپەری تونسە لەگەڵ یانەی ئیتیحاد مینستری.
یانەی گەرمە یەکەم وەرزە بەشداری لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا دەکات، تیپەکە پارەیەکی زۆر لە کۆکردنەوەی یاریزانانی بەنێوبانگ خەرج دەکات، پێشتر غازی فەهد راهێنەری بوو، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا دەستیلەکارکێشایەوە و ئەحمەد خەلەف بووە شوێنگەرەوەی، ئێستا گەرمە بەکۆکردنەوەی 20 خاڵ لە پلەی سێزدەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ