ئەو یاریزانە لاوەی بە 77 ملیۆن یۆرۆ کرایە هاوڕێی رۆناڵدۆ کێیە؟

01-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جۆن دوران کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی نەسڕ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەسڕی سعودی، لەسەر داوای کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەیەکی دیکەی لە پرێمەرلیگی ئینگلتەراوە گواستەوە ریزەکانی و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات.

یانە سعودییەکە، شەوی هەینی گرێبەستێکی گرانبەهای لەگەڵ جۆن دوران، هێرشبەری لاوی کۆڵۆمبی و یانەی ئاستۆن ڤیلای ئینگلیزی واژۆکرد و یاریزانەکەی بەرامبەر 77 ملیۆن یۆرۆ لە ئینگلتەراوە بردە سعودیە.
 
دوران لە تەمەنی 21 ساڵیدا، کاروانەکەی لە ئەورووپاوە گواستەوە سعودیە و دەبێتە هاوڕێیەکی نوێی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە هێڵی پێشەوەی یانەی نەسڕ.
 
دوای پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی یانەی نەسڕ، جۆن دوران درێسی ژمارە 9ـی پێدرا و لە یەکەم هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ کەناڵی یانە سعودییەکە، هێرشبەرە کۆڵۆمبییەکە گوتی "ناتوانم چاوەڕێ بکەم بۆ یارییکردن بەدرێسی یانەکەوە و دەمەوێت لە یاریی بەرامبەر وەسڵ لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا یارمەتی یانەکە بدەم."
 
گرێبەستکردنی یانەی نەسڕ لەگەڵ جۆن دوران لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاندبوو، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەمەرجی ئەوە ئامادەیە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، کە نەسڕ چەند یاریزانێکی بەتوانا بگوازێتەوە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکەن، بەتایبەت کە لەو کاتەوەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە پەیوەندیی بە ریزەکانی نەسڕووە کردووە، هیچ نازناوێکی فەرمیی نەبردووەتەوە.
 
جۆن دوران، تەمەنێکی بچووکی هەیە و خاوەنی جەستەیەکی بەهێزە، ئەمە بووەتە هۆکاری ئەوەی لای هەمووان پەسەندکراو بێت و نزیکەکانی نەسڕ پێشبینی سەرکەوتنی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکە بکەن.

جۆن دوران
 
گرێبەستی هێرشبەرە کۆڵۆمبییەکە لەگەڵ نەسڕ بۆ ماوەی 5 ساڵ دەبێت، ئەو یاریزانە پارەیەکی زۆر دەباتە نێو خەزێنەی ئاستۆن ڤیلا، لەکاتێکدا بە 77 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ کراوە و 13 ملیۆن یۆرۆش وەکو گۆڕانکاری لە گرێبەستەکەدا جێگەی کراوەتەوە.
 
دوران کێیە؟
 
جۆن هادێر دوران پالاسیۆس، لە 13-12-2003 لە زاراگۆزای کۆڵۆمبیا لە دایکبووە، ساڵی 2015 لە تیپی لاوانی یانەی ئێنڤیگادۆی کۆڵۆمبی دەستی بە یارییکردن کرد، لە 2019 چووە تیپی یەکەمی ئەو یانەیە و بەهۆی ئاستەبەرزەکەیەوە هەر زوو یانەی شیکاگۆ فایەری ئەمریکی یاریزانەکەی بە 1.70 ملیۆن یۆرۆ گواستەوە یانەکەی.
 
لەو یانەیەدا دوران ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، ئاستۆن ڤیلا لە ئەمریکاوە کاروانی یاریزانەکەی گواستەوە ئەورووپا و بەرامبەر 29.50 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ واژۆکرد.

جۆن دوران
 
لە ریزەکانی یانە ئینگلیزییەکەدا تەنیا لەم وەرزەدا، دوران 7 گۆڵی لە پرێمەرلیگدا تۆمارکردووە، لە چامپیۆنزلیگدا 3 گۆڵ و لە ئی ئێف ئێل 2 گۆڵی کردووە و بە کۆی گشتی لە 29 یارییدا 12 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی چەندین یانەی گەورەی ئەورووپا داوای ئەو یاریزانە بکەن، بەڵام ئەو نەسڕی هەڵبژارد و چووە لای کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە