رووداو دیجیتاڵ
میدیای بەریتانیا ئاشکرایکردووە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئانای هاوژینی، ڤێلایەکی شاهانە و گەورەیان لە شاری مایۆرکای ئیسپانی کڕیوە بۆ ئەوەی لە کاتی پشووەکانیاندا کاتەکەیان لەو ڤێلایەدا بەسەرببەن.
رۆژنامەی سەنی بەریتانی راپۆرتێکی بە وێنەی کۆشکە گەورەکەی لیڤاندۆڤسکی لە شاری مایۆرکا بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە نرخەکەی لە 10 ملیۆن پاوەند کەمتر نییە، واتا نزیکەی 12 ملیۆن یۆرۆیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ڤێلا گەورەیەی لیڤا و ئانا، کە دەکەوێتە کەناراوێکی جوانی شاری مایۆرکا، 6 ژووری نووستن و ژووری میوان و هۆڵێکی وەرزشی و مەلەوانگەیەکی دابڕاو و بێدەنگ لەخۆدەگرێت، ڤێلاکەش رووی لە دەریایە.
لەدوای گواستنەوەی بۆ خولی ئیسپانیا، لیڤاندۆڤسکی و ئانای هاوژینی بەبەردەوامی لەگەڵ دوو منداڵەکەیان سەردانی مایۆرکا دەکەن، بەتایبەتی لە ماوەی پشووەکانی یاریزانە پۆڵەندییەکە.
لە ساڵی 2021 لیڤاندۆڤسکی نزیکەی 3 ملیۆن پاوەندی داوە بۆ کڕینی ڤێلایەک لە ناوچەی ئارامی سانتا پۆنکا.
لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەستێرەی بارسا ڤێلایەکی نوێی شەش ژووری نووستن لەگەڵ چەند ژوورێکی پێشوازی لە میوان، لە گوندی کامپ دی ماری کەنار دەریا لە شاری مایۆرکا کڕیوە، کە شوێنێکی نیشتەجێبوونی شاهانەیە.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی سەنی بەریتانی، ئەو ڤێلایەی کە لیڤاندۆڤسکی و هاوژینەکەی پێکەوە کڕیویانە دیمەنێکی سەرسوڕهێنەری دەریایی هەیە، رووبەری بیناکە زیاتر لە 700 مەتر چوارگۆشەیە، و ژوورەکانی بە هونەرێکی تەلارسازیی نایاب نەخشێنراون.
هەروەها کۆشکە بچووکەکە مەلەوانگەیەکی سەرسوڕهێنەری تێدایە، لە دەرەوەش چەندین شوێن هەیە بۆ پشوودان و خۆرئاوابوون و هۆڵێکی وەرزشی، لەکاتێکدا دیزاینی ناوەوەی زۆر نایابە.
شاری مایۆرکا تەنیا یەک کاژێر لە بارسێلۆنا دوورە، کە لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2026 گرێبەستی لەگەڵدا هەیە.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، تەمەن 36 ساڵ، لە ساڵی 2013 لەگەڵ ئانا هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی دوو منداڵن.
لیڤاندۆڤسکی گۆڵکاری هەموو سەردەمەکانی پۆڵەندا، لە گواستنەوەی هاوینەی ساڵی 2022 پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، کە لە بایرن میونشنەوە بەبڕی 45 ملیۆن یۆرۆ چووە کامپ نو، و گرێبەستێکی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە واژۆکرد کە تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2026 درێژدەبێتەوە.
ئەستێرە پۆڵەندییەکە تاوەکو ئێستا توانیویەتی 17 گۆڵ لەگەڵ بارسێلۆنا تۆماربکات و لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولی ئیسپانیادایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ