ڤیدیۆ؛ نەیمار گەڕایەوە سانتۆس و پێشوازییەکی گەورەی لێکرا

01-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نەیمار
نەیمار
نیشانەکردن نەیمار
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەیمار جونیۆر داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی، دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی گەڕایەوە یانەی سانتۆسی بەرازیلی و پێشوازییەکی گەورەی لێکرا.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یاریزانە 32 ساڵە بە درێسی یانەی سانتۆسەوە دەرکەوت ژمارە 10ـی پێدرا و لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە پێشوازییەکی گەورەی لێکرا، لەکاتێکدا دوای 12 ساڵ لە بەجێهێشتنی ئەو یانەیە، نەی دەگەڕێتەوە سانتۆس.
 
نەیمار لە ماوەی رابردوودا لە یانەی هیلالی سعودی، بە کاتێکی سەخت و ناخۆشدا تێپەڕی، بەهۆی ئەو پێکانە زۆرەی تووشی بوو و لە یاریگەکان دابڕا و نەیتوانی ئەو ئاستە پێشکێش بکات، کە هاندەران چاوەڕێی بوون.
 
دوای گەڕانەوەی بۆ یانەی سانتۆس، یاریزانەکە لەلایەن نزیکەی 20 هەزار هاندەرەوە پێشوازیی لێکرا، نەیمار بە چاوی پڕ فرمێسکەوە گەڕایەوە یانە بەرازیلییەکە.
 
بەرەبەیانی سبەی یانەی سانتۆس لە رکابەرییەکانی خولی بەرازیل رووبەڕووی یانەی ساوپاوڵۆ دەبێتەوە، نەیمار گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە، بەڵام زەحمەتە بتوانێت بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
 
دوای ناساندنە سەرنجڕاکێشەکەی لەنێو یاریگەدا، نەیمار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "لە مەشقی رۆژانەدا هەستم بە نیگەرانییەکی زۆر دەکرد، بەڵام ئەوە بۆ بیرکردنەوەم باشبوو، کاتێک سانتۆس داوایکردم دووجار بیرم نەکردەوە، پێشتر بە دایک و باوکمم گوتبوو و دواتر هەموو شتێک بەباشی بەڕێوەچوو."
نەیمار داسیلڤا


نەیمار دەڵێت "من و هاوڕێکانم، خێزان و کەسوکارەکانم هەمووان دڵخۆشن، ئەمە شتێکی زۆرباشە، کاتێک چوومە نێو یاریگە جارێکی دیکە هەستمکرد تەمەنم 17 ساڵە، رۆژی یەکەمی پیشەگەریم لێرە دەستیپێکرد، بۆیە زۆر دڵخۆشم و زۆر بەپەرۆشم بۆ یارییکردن بە درێسی یانەکەوە."
 
لەبارەی ئامانجی خۆی دوای گەڕانەوە بۆ یانەکە، نەیمار بە رۆژنامەڤانانی گوت "من نەهاتووم بۆ ئەوەی لە ماڵەوە بم، هاتووم بۆ ئەوەی یارمەتی سانتۆس بدەم و هەموو توانایەکم لە پێناو ئەوەدا دەخەمەگەڕ."

 

نەیمار داسیلڤا


نەیمار ساڵی 2009 تاوەکو 2013 لە تیپی یەکەمی سانتۆس یارییکردووە، ئێستا دوای 12 ساڵ دوورکەوتنەوە لەو یانەیە، جارێکی دیکە گەڕایەوە هەمان یانە.

نەیمار داسیلڤا
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە