رووداو دیجیتاڵ
رافایێل لوزان، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، ویستی خۆی و وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2030 لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە ریال مەدرید ئاشکراکرد.
لوزان لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندووە، "دەمەوێت یاریی کۆتایی مۆندیال لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام بدرێت، چونکە یاریگەکە لە پایتەختی ئیسپانیایە و گەورەترینە لە ئیسپانیا".
ئەو میدیاکارانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ لوزان کردووە، زانیارییەکەی بۆ راستدەکەنەوە کاتێک پێی دەڵێن، یاریگەی کامپ نو لەدوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی 105 هەزار کەس دەگرێت، لە کاتێکدا سانتیاگۆ بێرنابیۆ 85 هەزار کەس دەگرێت.
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، هیچ کۆمێنتێکی لەسەر راستکردنەوەی زانیارییەکە نەداوە، دووپاتیکردووەتەوە کە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بژاردەی یەکەمیان دەبێت بۆ لە ئەنجامدانی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2030.
بڕیارە هەریەکە لە ئیسپانیا، پۆرتوگال و مەغریب، پێکەوە و بەهاوبەشی میوانداریی مۆندیالی 2030 بکەن.
لوزان رایگەیاندووە مەغریب کە هاوبەشە لە میوانداریکردنی مۆندیالەکەدا، سەرقاڵی دروستکردنی یاریگەیەکە کە 120 هەزار کەس لە خۆ دەگرێت، بەڵام وەک ئەو دەڵێ، "وادیارە مەغریب رکابەرمانە بۆ میوانداریکردنی یاریی کۆتایی. من لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەم لەگڵ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریب هەیە، بەڵام دەمەوێت لەگەڵ فیفا لەبارەی ئەو یارییەوە قسە بکەم".
پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریب، ویستی گەورەی خۆی بۆ ئەنجامدانی یاریی کۆتایی مۆندیالەکە لەسەر یاریگەیەکی ئەو وڵاتە راگەیاندبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری فەرمی لەوبارەیەوە نەدراوە.
لوزان، هەروەها قسەی لەبارەی تۆمارکردنی دانی ئۆلمۆ لە لیستی یاریزانانی بارسێلۆنا بۆ بەشی دووەمی وەرزی ئەمساڵ کردووە و دەڵێ، "ئێمە پابەندی یاساکانین و دەبێ بنەماکان لەبەرچاو بگرین و بارسێلۆناش هەموو بەڵگەنامەکانی خۆی پێشکێشکردووە".
قسەکانی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لەبارەی ئۆلمۆوە، لە کاتێکدا کە خاڤیێر تێباسی سەرۆکی دەستەی لالیگا، بەفەرمی رایگەیاندووە جارێکی دیکە سکاڵا لە دژی تۆمارکردنی ئەو یاریزانە و پاو ڤیکتۆر لە لیستی یاریزانانی بارسێلۆنا، تۆمار دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ