ڤیدیۆ؛ دوو یاریزانی سووریا بۆ رووداو باسی دۆڕانەکەیان بەرامبەر ئێران دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو یاریزانی هەڵبژاردەی سووریا قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکەن و باس لە دۆڕانەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران دەکەن، لە رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی جامی ئاسیادا.
 
لە دوایین یاریی ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکەدا، هەردوو هەڵبژاردە رووبەڕووی یەکبوونەوە، یارییەکە لە کاتی ئاساییدا بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، هەردوولا پەنایان بردە بەر کاتی زیادکراو، بەڵام گۆڵی دیکە نەکرا و ئێران بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە گەیشتە قۆناخی هەشت.
 
دوای یارییەکە ئەحمەد مەدەنیە، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی سووریا قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ئێمە وەکو یاریزانەکان دەمانەوێت داوایلێبوردن بکەین، دەمانویست زیاتر بچینە پێشەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە تۆپی پێیە، ئێمە لە یارییەکەدا ئاستێکی بەرزمان پێشکێشکرد، بەشێوەیەکی گشتی لە پاڵەوانێتییەکەدا ئاستێکی بەرزمان هەبوو."
 
گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی سووریا زیاتر گوتی "پشتبەخوا ئەمە پاڵپشتییەک دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاری باشتربکەین بۆ هەڵبژاردەکەمان، دەستەی هونەری، کارگێڕیی و تەندروستی و هەمووان کارێکی باشیان کرد، پشتبەخوا داهاتوو باشتر دەبێت."
 
دوای ئەوە عەلائەدین یاسین دالی، یاریزانی سووریا لەبارەی یارییەکەوە بە رووداوی گوت "یەکەم شت سوپاس بۆ خوای گەورە، ئێمە بەرامبەر تیپێکی رکابەر چووینە دەرەوە، بەرای من دەبووایە بەخت لەگەڵ ئێمە بووایە، بەتایبەت کە ئەوان بە 10 یاریزانەوە یارییاندەکرد و دەیانویست بگاتە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، وەک بینیتان بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە کراینە دەرەوە و بەخت لەگەڵ ئێمە نەبوو، پشتبەخوا لە رۆژانی داهاتوودا و لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا بەخت لەگەڵ ئێمە دەبێت و دەگەینە مۆندیال."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لەبارەی ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ یانەی هەولێر هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات، عەلائەدین گوتی "نا نا پەیوەندیم لەگەڵ یانەی هەولێر نییە و هەموو بیرکردنەوەم لای هەڵبژاردەکەمە."
 
هەڵبژاردەی سووریا یەکەمجاربوو لە مێژوودا بگاتە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا، بەڵام لەم قۆناخەدا کاروانەکەی کۆتاییهات و نەیتووانی زیاتر لە رکابەرییەکەدا بچێتە پێشەوە.