یەکەم لێدوانی ڤیتۆر رۆکی دوای تۆمارکردنی یەکەم گۆڵی بۆ بارسێلۆنا

رووداو دیجیتاڵ

 

ڤیتۆر رۆکی، هێرشبەری بەرازیلیی یانەی بارسێلۆنا، دڵخۆشیی خۆی بە بردنەوە لە ئوساسۆنا و تۆمارکردنی یەکەم گۆڵی خۆی بە درێسی بارسێلۆناوە نیشاندا. گوتیشی "زۆر دڵخۆشم بە تۆمارکردنی گۆڵی یەکەمم، بەڵام بەتایبەتی لەبەرئەوەی ئەم گۆڵە سەرکەوتن و سێ خاڵەکەی پێبەخشین".
 
بارسێلۆنا لە گەڕی بیستەمی لالیگادا میوانداری ئوساسۆنای کرد و بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر لێیبردەوە و تاکە گۆڵی بارسا و یارییەکە ڤیتۆر رۆکی تۆماریکرد.
 
ڤیتۆر رۆکی، لە دوای یارییەکە لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان، گوتی "زۆر دڵخۆشم بە تۆمارکردنی گۆڵی یەکەمم، بەڵام بەتایبەتی لەبەرئەوەی ئەم گۆڵە سەرکەوتن و سێ خاڵەکەی پێبەخشین".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، یاریزانە گەنجە بەرازیلییەکە، گوتی "ئەمە ئامانجێک بوو کە ماوەیەکە بەوپەڕی پەڕۆشییەوە چاوەڕێی دەکەم، ئەمە خەونێکە کە هاتووەتە دی، ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی ئەم ساتەم".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "یارییەکە پێویستی بە کاردانەوە هەبوو، کاردانەوەشمان باشبوو، هەروەها 3 خاڵی گرنگمان بەدەستهێنا، بەڵام دەبێت زیاتر پێشبکەوین".
 
رۆکی زیاتر گوتی "لێرە تۆپی پێ خێراترە لە بەرازیل، ئەوەی پێویستم پێیەتی ئەوەیە کە بەدرێژایی یارییەکە زیاتر سەرنجم لەسەر شتێک بێت".
 
لە کۆتاییدا گوتیشی "پێموایە ژووری جلگۆڕینمان لە دۆخێکی باشدا دەبێت، سەرەڕای بڕیاری رۆشتنی چاڤی لە کۆتایی وەرزدا".