رووداو دیجیتاڵ
دوای ماڵئاواییکردنیان لە رکابەرییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا و دۆڕانیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ لە بەغدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەریەکە لە عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکە و خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کۆدەبێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو رووداوانەی لە جامی ئاسیادا روویاندا و رێزلێنان لەوەی کە تیپەکە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا کردی.
میدیای عێراق دەڵێت "سوودانی پاداشتی کە دوای بردنەوەی لە ژاپۆن بڕیاری لێدرابوو دەداتە هەڵبژاردەی عێراق."
دوای ئەو کۆبوونەوەیە بڕیارە خیسوس کاساس، بۆ وەرگرتنی پشوو بگەڕێتەوە ئیسپانیا، دوای ئەوە دەگەڕێتەوە بەغدا و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکانی داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال دەستپێدەکات.
لەلایەکی دیکەوە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، لەبارەی ئەو رووداوانەی لە دوای یارییەکەی عێراق و ئوردن لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا روویاندا، قسەی بۆ میدیای ئیسپانیا کردووە و دەڵێت "ماڵباتەکەم بەشێوەیەکی دیکە دەڕواننە ئەو رووداوانەی لە دوای ئەو یارییە روویاندا، من ناتوانم بەتەنیا بڕیاربدەم، هاوژین و کچێکم هەیە و دەبێت رای ئەوانیش وەربگرم."
خیسوس کاساس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "لەو بڕوایەدانیم کە شتەکان خراپتر بن و دەتوانین لەسەر پڕۆژەکەمان لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەردەوامبین، هەندێک لە رۆژنامەڤانان داوای لێبوردنیان لێکردووم، بەڵام نامەوێت قسە لەگەڵ هیچ کامیان بکەم و پێموایە ئەگەر بیانەوێت داوای لێبوردن دەبێت بە ئاشکرا ئەوە بکەن."
دوای دۆڕانی عێراق بەرامبەر ئوردن، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا چەند رۆژنامەڤانێک هێرشیانکردە سەر خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لێکەوتووە و یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا لەو بارەیەوە رایگەیاند، سەرکۆنەی ئەو کارانە دەکەین و ئەو رۆژنامەڤانانەی ئەو کارەیان کردووە، لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکانی سەر بە یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا دووردەخرێنەوە.
دوای ئەوەش سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ خیسوس کاساس و ستافەکەی کۆبووەوە و متمانەی خۆیان بۆ راهێنەرەکە دووپاتکردەوە، عەدنان درجال گوتی "ئەوەی کراوە بەهیچ شێوەیەک رەنگدانەوەی میدیای عێراقی نییە و مامەڵەی تووند لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین کە ئەو کارەیان کردووە و کەسایەتیی راهێنەرەکەمان دەپارێزین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ